ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

چۆن شاری مانچێستەر لە شارێکی سوورەوە بووەتە شین؟

یاریگا –

هەرچەندە رکابەری چەند ساڵی رابردوو نابێتە هۆکارێک بۆ یەکلاکردنەوەی بەهێزترینی شاری مانچێستەر، بەڵام ئەوەی پێپ گواردیۆلا لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستیهێناوە، بەدڵنیاییەوە بەشێوەیەکی کاتیش بێت، رەنگی شاری مانچێستەر لە سوورەوە بووەتە شین.

سێر فێرگسن، راهێنەری پێشووتری مانچێستەر یونایتد جارێکیان لە وەسفی مانچێستەر سیتیدا گوتی ”هەندێجار دراوسێی بە هاڕەهاڕەت دەبێت، دەبێ خۆت رابهێنیت و لە ژیان بەردەوام بیت. هەرچی نەبێت دەنگی تەلەڤزیۆن هەندێک بەرزتر بکەوە، بۆ ئەوەی گوێت لە دراوسێکەت نەبێ.

ئەم قسانەی فێرگسن لە دوای گۆڵە نایابەکەی مایکڵ ئۆوین لە ساڵی 2009 دێت، کاتێک لە دوا ساتەکاندا گۆڵێکی کرد و مانچێستەر یونایتد یاری دێربی بە ئەنجامی 4-3 لە سیتی بردەوە. بەڵام لەو ساتەوە سیستمی بەرگری مان یونایتد لە بەرامبەر مان سیتی شکستیهێناوە و هاڕەهاڕەیان زۆر زیاد بووە.

لە 14 ساڵی رابردوودا، مانچێستەر سیتی هەموو شتێکی بەدەستهێناوە، هەرچەندە مان یونایتد لە هەموو بازاڕێکی گواستنەوەی یاریزاناندا، باشترینەکان دەگوازێتەوە، بەڵام هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە. ئەوەی روونە، سیتی رەنگی شارەکەی کردووەتە شین و تەنانەت، تۆپی پێی ئینگلتەراش ئێستا شانازی بە سیتی دەکات.

ئەمڕۆ یاری دێربی مانچێستەرە، بەر لە یارییەکە، باسی دیارترین 12 رووداو دەکەین، کە رەنگی شارەکەیان لە سوورەوە کردووە بە شین.

شێخ مەنسوور
شێخ مەنسوور بن زاید ئال نەهیان، خاوەنی مانچێستەر سیتی

شێخ مەنسوور سیتی هەڵبژارد

ساڵی 2008 بە ساڵێکی زۆر ناخۆش بۆ هاندەرانی مان سیتی دادەندرێت. چونکە مانچێستەر یونایتد پرێمەرلیگی بردەوە و لە دوا یاری وەرزیشدا، سیتی بە ئەنجامی 8-1 بە میدڵزبڕۆ دۆڕا و دواتر مان یونایتد نازناوی چامپیۆنزلیگیشی بەدەستهێنا. ساڵەکە ئەوەندە شووم بوو، تاکسین شیناواترا، سەرۆکی ئەوکاتەی مانسیتی بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلەوە، پەلکێشی دادگاکان کرا.

بەڵام شێخ مەنسوور بن زاید نەهیان، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و ئەندامی دیاری ماڵباتی شاهانەی ئەبوزەبی، وەک رزگارکەر چووە نێو کێبڕکێی کڕینی مان سیتی. بەڵام بەر لەوەی مان سیتی بکڕێت، بیری لە کڕینی چەند یانەیەکی دیکە دەکردەوە. ئەوەی گرنگە، شێخ مەنسوور بە 210 ملیۆن پاوەند 90%ی یانەکەی کڕیەوە، یانە شینپۆشەکەی لە لێواری رووخان، کردە دەوڵەمەندترین یانەی جیهان.

هەر لەگەڵ کڕینی یانەکە و لە رۆژی دواتردا، مانچێستەر سیتی گرێبەستی لەگەڵ رۆبینیۆ، ئەستێرەی ئەوکاتی ریال مەدرید واژۆ کرد.

کارلۆس تێڤێز
ساتی بەرزکردنەوەی درێسی مانچێستەر سیتی لەلایەن کارلۆس تێڤێزەوە

کارلۆس تێڤێز و گۆڕینی هاوکێشەکان

کارلۆس تێڤێز، یەکێک بوو لە دیارترین یاریزانانی پێکهاتەی سێر فێرگسن، بەڵام ئەوکات بە خواستن لە وێستهامەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کردبوو، بەڵام ئیتر مان یونایتد تاکە یانەی باڵادەستی پڕپارەی شارەکە نییە، بەر لەوەی مان یونایتد گرێبەستی هەمیشەیی لەگەڵ بکات، مانچێستەر سیتی زوو دەستی لێهەڵکرد و تێڤێزی گواستەوە قەڵای سیتی ئۆف مانچێستەر (یاریگای پێشووی سیتی).

تێڤێز لە دوو وەرزی لەسەریەکدا بووە گۆڵکاری مان سیتی و لە ساڵی 2011 بۆ یەکەمجار سیتی گەیاندە چامپیۆنزلیگ و نازناوی جامی یەکێتیی ئینگلتەراشی بەدەستهێنا. ئەو نازناوەکە یەکەم نازناوی سیتی بوو لە 35 ساڵی رابردوودا.

ماریۆ بالۆتێلی
ماریۆ بالۆتێلی و پیشاندانی دروشمی (بۆچی بەردەوام من – Why Always Me)

تێکشکاندنی دێربی

مان یونایتد چوار وەرز بوو، هیچ یارییەکەی دێربی نەدۆڕابوو، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2011، مانچێستەر سیتی هیچ یارییەکی وەرزەکە نەدۆڕابوو. بۆیە بە تەواوی خۆیان بۆ 90 خولەکی ئۆڵدترافۆرد ئامادە کردبوو.

ماریۆ بالۆتێلی، یەکێک بوو لە دیارترین یاریزانانی ئەوکاتی مان سیتی و هەر زوو گۆڵی یەکەمی یارییەکەی کرد، ئەوکات دروشمە بەناوبانگەکەی پیشانی خەڵکدا (بۆچی بەردەوام من – Why Always Me).

لە گێمی دووەمدا، جۆنی ئیڤانز بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و ئەمەش رێگەی بۆ دوو گۆڵی دیکە خۆشکرد، بالۆتێلی و سێرجیۆ ئاگوێرۆ گۆڵەکانی دووەم و سێیەمیان کرد، دارێن فلێچەر، تاکە گۆڵی مانچێستەر یونایتدی کرد.

ئەوەی خاڵی جیاکەرەوەی یارییەکە بوو، لە ساڵی 1926-ەوە، مانچێستەر یونایتد بەو ئەنجامە بە مان سیتی لە پرێمەرلیگ نەدۆڕابوو !

سێرجیۆ ئاگوێرۆ
ساتی بەرزکردنەوەی جامی پرێمەرلیگ لەلایەن سێرجیۆ ئاگوێرۆوە

ئاگوێررررۆۆۆۆۆۆۆۆ

ئەمە بەناوبانگترین و خاڵی وەرچەرخانی مانچێستەر سیتییە، لە دوا یاری وەرزدا، مان سیتی بە ئەنجامی 2-1 لە یاریگای خۆی لە دواوەی کوینز پارک رەینجەرزە و تەنیا کاتی زیادکراوی یارییەکە مابوو.

مانچێستەر یونایتد خۆی بۆ بەرزکردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ ئامادە کردبوو، بەڵام ئیدێن دزیکۆ گۆڵی یەکسانبوونی کرد و دواتر لە دوا خولەکدا، سێرجیۆ ئاگوێرۆ گۆڵە بەناوبانگەکەی کرد و مان سیتی کردە پاڵەوان. مارتن تایلەر، کۆمێنتاری مێژوویی ئەوکاتە گوتی

مانچێستەر سیتی هێشتا زیندووە… بالۆتێلی…. ئاگوێرۆۆۆۆۆۆ! سوێند بەخوا هەرگیز شتێکی وا نابینیتەوە، سەیر بکە.

سێر ئەلێکس فێرگسن
سێر ئەلێکس فێرگسن لە سەردەمی راهێنەرایەتیکردنی مانچێستەر یونایتد

خانەنشینبوونی فێرگسن

کاتێک لە ئایاری ساڵی 2013 فێرگسن کۆتایی بە کاروانی وەرزشی هێنا، مانچێستەر یونایتد لە باشترین دۆخدا بوو، هەرچەندە نازناوی پرێمەرلیگی لەدەستدابوو.

ئەوەی روونبوو، مان یونایتد پڕۆسەی گۆڕانکاری و خۆگونجاندن لە سەردەمی دوای فێرگسن دەستپێبکات. بەڵام تاوەکو ئێستاش کەس نەیتوانیوە میراتی راهێنەرە سکۆتلاندییەکە هەڵبگرێتەوە، لە دوای فێرگسنەوە، مان یونایتد یەک نازناوی پرێمەلریگی بەدەستنەهێناوە، نەک هەر ئەمەش، تەنانەت لە بردنەوەی نازناوەکەش نزیکنەبووەتەوە.

مانچێستەر سیتی
ناوەندی مەشقی یانەی مانچێستەر سیتی

ناوەندی مەشقی سەرسووڕهێنەری مان سیتی

کاتێک شێخ مەنسوور، مانچێستەر سیتی کڕیەوە، راپۆرتی جیاوازی لەبارەی خراپی ناوەندی مەشقی یانەکەی لەلایەن خەلدوون موبارەک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، بۆ بەرزدەکرایەوە. خەلدوون موبارەک لەبارەی ناوەندەکە دەڵێت

کاتێک یەکەمجار چوومە ناوەندی مەشقی سیتی، بڕوام بە چاوەکانم نەکرد، بەڕاستی یەکێکبوو لە خراپترین ژێرخانەکانی، یانەیەکی وا گەورەی وەک سیتی. کاتێک گەڕامەوە، رااستەوخۆ چوومە لای شێخ مەنسوور و وێنەکانی دامەزراوەکەم پیشاندا، پێی گوتم، ئەمە قبووڵکراو نییە. خێرا گۆڕانکاری بکەن. ئێمەش هەر زوو گۆڕانکارییەکانمان لە هۆڵی لەشجوانی و مەلەوانگە و کلینیکی پزیشکیدا کرد.

دواتر کار لەسەر دروستکردنی ئەکادیمیای وەرزشی مان سیتی لە نزیک یاریگای ئیتیحاد دروستکرا. تێچووی ئەکادیمیاکە گەیشتە 200 ملیۆن پاوەند و لە ساڵی 2014 کرایەوە. هەرچەندە پارەکە بە قەرز لە بانکەکان وەرگیرابوو، بەڵام دوای فرۆشتنی چەند ئەستێرەیەکی لاوی وەک کۆڵ پاڵمەر و جەیدن سانچۆ، پارەکەیان بەدەستهێنایەوە.

ئەکادیمیاکە ئەستێرەی باشی بەرهەم هێناوە، هەریەکە لە فیڵ فۆدن، ریکۆ لویس و ئۆسکار بۆب بەرهەمی ئەکادیمیاکەن.

پێپ گواردیۆلا
یەکەم رۆژی پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی

هێنانی گواردیۆلا

مانچێستەر یونایتد پێشتر ئەزموونی لەگەڵ پێپ گواردیۆلا هەبوو، چونکە لە دوو یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنای پێپ لە مان یونایتدی فێرگسنی بردبووەوە.

بەر لەوەی فێرگسن واز لە راهێنەرایەتی بهێنێت، ئێوارەیەک گواردیۆلا لە نیویۆرک بانگهێشتی خوانی ئێوارە کرد، بەڵام نەیتوانی بڕوای پێبهێێت، تاوەکو ببێتە شوێنگرەوەی لە ئۆڵدترافۆرد.

مانچێستەر سیتی لە ساڵی 2012 هەوڵەکانی بەدەستهێنانی گواردیۆلا دەستپێکرد، دوای شەش مانگ لە بردنەوەی یەکەم نازناوی پرێمەرلیگ لەگەڵ رۆبێرتۆ مانسینی. یانە شینپۆشەکە گرێبەستی لەگەڵ تیکسیکی بێگیرستیان و فێران سۆریانۆ وەک بەڕێوەبەرانی وەرزشی و بەڕێوەبەری جێبەجێکار واژۆ کرد، پێشتر هەردووکیان لە بارسێلۆنا کاریان لەگەڵ پێپدا کردبوو.

گواردیۆلا ئەو کات پێی گوتن، بەڵێنم بە بایرن میونشن داوە، وەڵامی ئەوانیش بریتی بوو لە؛ بڕۆ میونشن بەڵام ئێمە هەر چاوەڕێتین.

ئێرلینگ هالاند
ئێرلینگ هالاند لەگەڵ مانچێستەر سیتی

هالاند بگوازەوە و قازانج بکە

مانچێستەر یونایتد باش ئاگاداری درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی هالاند بوون. چونکە لە یانەی مۆڵدە لەگەڵ ئولێ گونار سۆڵشایەر کاری کردبوو. لە ساڵی 2020 سۆڵشایەر هەوڵیدا بەر لەوەی پەیوەندی بە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە بکات، بیگوازێتەوە مان یونایتد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

دوای دوو ساڵ، نرخی هالاند فڕی و یونایتد نەیتوانی کێبڕکێ لەگەڵ مانچێستەر سیتیدا بکات. تەنانەت هالاند کەوتبووە نێوان بەرداشی سیتی و ریال مەدرید، بەڵام لە کۆتاییدا سیتی هەڵبژارد.

مانچێستەر سیتی
بەرزکردنەوەی جامی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای ئەتاتورک، ئیستانبوڵ

بردنەوەی سێیانە

سەرەڕای باڵادەستی مانچێستەر سیتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و بردنەوەی نازناو لە دوای نازناو، بەڵام هاندەرانی مانچێستەر یونایتد بەردەوام لاڤی بردنەوەی سێ نازناوەکەی ساڵی 1999یان لێدەدایەوە.

بەڵام ئێستا ئەوەشیان بۆ نەماوەتەوە، دوای ئەوەی لە حوزەیرانی رابردوودا، مانچێستەر سیتی لە ئیستانبوڵ لە ئینتەر میلانی بردەوە و بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، پێشتریش پرێمەرلیگ و جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەدەستهێنابوو.

ئیتیحاد
یاریگای ئیتیحاد، مانچێستەر

ئیتیحاد پێش ئۆڵدترافۆرد کەوتووە

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، یاریگای ئیتیحادی بۆ یۆرۆی 2028 هەڵبژاردووە، هەرچەندە ئۆڵدترافۆرد فایڵێکی بەهێزی پێشکەش کردبوو، بەڵام ئیتیحاد مافی میواندارییەکەی بەدەستهێنا.

لە یۆرۆی 1996 ئۆڵدترافۆرد دووەم یاریگای پاڵەوانیەتییەکە بوو، کە زۆرترین یاری لێبەڕێوەچوو. بەڵام لەوساتەوە وەبەرهێنانی زۆر لە ژێرخانی یاریگاکە نەکراوە و ئەمەش وایکردووە، یاریگاکانی دیکەی پێشبکەون.

بابەتی زیاتر

Back to top button