ئیسپانیا

جولیان ئالڤارێز هۆکاری پەیوەندی نەکردنی بە ریال مەدرید ئاشکرا دەکات

یاریگا –

جولیان ئالڤارێزی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی مانچێستەر سیتی دەڵێت، دەیتوانی زۆر بە ئاسانی درێسی ریال مەدرید لەبەر بکات و بۆ ئەم یانەیە یاری بکات.

جولیان ئالڤارێز، کە وەرزی رابردوو لەگەڵ مانچستەر سیتی سێیانەی بەدەستهێنا و مۆندیالی 2022ی بەردەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرای کرد، کاتێک تەمەنی 11 ساڵ بوو بەشداری تێستەکانی ریال مەدریدی کردووە و تەنانەت وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی چەند هۆکاریکەوە لە ئەرجەنتین مایەوە.

ئالڤارێز سەبارەت بەم بابەتە گوتی:

ئەو کاتە لە پاڵەوانێتی منداڵان یاریم دەکرد، تەمەنم 11 ساڵ بوو و تا چەند ساڵێک دواتر یانەی ریال مەدرید نەیدەتوانی گرێبەستی درێژخایەنم لەگەڵدا واژوو بکات تاوەکوو تەمەنم دەبوو بە 16 ساڵ، ئیتر دەبووایە هەموو ئەندامانی خێزانەکەم بگوازرێنەوە بۆ مەدرید، بۆیە بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ کۆردۆبا و لەوێ چاوەڕێ نەکەم.

پیێرۆ فۆگلیا، دۆزەرەوەی بەهرەمەندەکانی یانەی ریال مەدرید سەبارەت بەم بابەتە گوتی:

ئەوکاتە گرێبەستی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین واژۆ نەکردبوو، من پێشنیاری ئەوم بۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی ریال مەدرید کرد، جولیان ئامادە بوو بۆ یاریکردن، لە پاڵەوانێتییەکدا یاری کرد و بوو بە پاڵەوانی یارییەکە، بەڵام ئەوکات دەبوو تا تەمەنی 16 ساڵی چاوەڕێمان بکردابا، رێک ئەوەی بەسەر مێسیدا هات لە بارسێلۆنا، ئەلڤارێز دەیتوانی ئەمڕۆ درێسی ریال مەدرید لەبەر بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button