یاریگا

ئاڕنۆڵد نهێنی پلانی لێدانە ڕاستەوخۆکەی دژی چێڵسی ئاشکرا دەکات

یاریگا- لە یارییەکی گەرموگوڕی هەفتەی شەشەمی پریمەرلیگدا لە نێو یاریگای ستامفۆرد بریج یانەی چێڵسی میوانداری لیڤەرپووڵی پێشەنگی کرد و یارییەکەشی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک با میوانەکەی دۆڕاند.

ترێنت ئالیکساندەر ئاڕنۆڵد گۆڵی کردنەوەی یارییەکەی تۆمار کرد بە لێدانێکی ڕاستەوخۆی جوان لە خولەکی 14 و پاش گفتوگۆیەکی ورد لەگەڵ هێندرسۆنی کاپتن و موحەمەد سەڵاح. ئاڕنۆڵد بۆ سکای سپۆرت بەم شێوەیە پلانی لێدانەکەی ئاشکرا کرد: “سەرەتا هێندرسۆن ویستی جێبەجێی بکات، بەڵام دواتر بیری کردەوە کە شوێنەکەی تۆزک بۆ ئەو نزیکە. دواتر لەگەڵ سەڵاح قسەمان کرد و پێم وت کە وام دەوێت تۆپەکە بۆ من غلۆر بکاتەوە تا گۆشەیەکی باشی لێ دەرچێت بۆ ناو گۆڵ، ئەوە ڕەنگە سەریش لە گۆڵچییەکە بشێوێنێت  پاشان من لێیدەم بۆ گۆڵ. بیرم کردەوە کە زۆر نزیکە تا بتوانم بەسەر دیوارەکەدا بینێرم، دڵنیاشم نەبووم کە دیوارەکە خۆیان بەرز دەکەنەوە یاخود نا تا بەژێر قاچیاندا لێیدەم، ئەوە بوو لایەکانی گۆڵم هەڵبژارد. غلۆرکردنەوەکە زۆر جوان بوو، منیش بەوپەڕی هێزی خۆمەوە لێمدا و بۆ شوێنێکی باش.”

گۆڵی دووەمی چێڵسی لەلایەن فیرمینۆوە تۆمار کرا، پێش ئەوەی نگۆلۆ کانتی جیاوازییەکە کەم بکاتەوە. بەو بردنەوەیەش لیڤەرپووڵ لە پێشەنگ خۆی قایمتر کرد بە جیاوازیی پێنج خاڵ لە مانچستەر سیتیەوە. چێڵسیش بە دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوون و دوو شکست، لە پلەی 11 دەبینرێت.

* دیمەنی هەر سێ گۆڵی یارییەکە:

ڤیدیۆی گۆڵه‌کان : لیڤه‌رپوڵ ٢-١ چێڵسی

بابەتی زیاتر

Back to top button