ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

پێرێز لە ئانچێلۆتی تووڕەیە

رۆژنامەی مارکا هەڵەکانی ئانچێلۆتی لە یاری دێربی شیدەکاتەوە

یاریگا –

لێکەوتەکانی دۆڕانی ریال مەدرید لە یاری دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەردەوامن و ئێستا هێرشێکی توند دەکرێتە سەر کارلۆ ئانچێلۆتی.

رۆژنامەی مارکا، راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر تووڕەیی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە ئانچێلۆتی بڵاوکردووەتەوە، هەرچەندە یەکەم دۆڕانی لۆس بلانکۆس بوو لەم وەرزەدا.

کارلۆ ئانچێلۆتی
رووپەلی رۆژنامەی مارکا

پیاوانی ئانچێلۆتی بە ئەنجامی 3-1 لە یاریگا مێترۆپۆلیتانۆ بە ئاتلێتی دۆڕان و بەمەش پێشەنگایەتی لالیگای لەدەستدا.

رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ئانچێلۆتی چەندین هەڵەی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی پێرێز و بیرکردنەوەی دەستەی کارگێڕی لە دەستنیشانکردنی چابی ئاڵۆنسۆ، وەک شوێنگرەوەی کارلۆ.

سەرەڕم

راهێنەرە ئیتاڵییەکە بەبێ سەرەڕم یارییەکەی لە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ دەستپێکرد، تەنیا رۆدریگۆی لە هێڵی پێشەوە دانا و خۆسێلوی وەک یاریزانی یەدەک هێشتەوە، هەرچەندە ئاستێکی زیاتر لە مامناوەندی لەم وەرزەدا پێشکەش کردووە.

لە دوای یارییەکە دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ لەبارەی بەشداری پێنەکردنی خۆسێلو گوتی ”بەشداری نەکردنی خۆسێلو، یارمەتی بەرگریکارانی ئاتلێتیدا لە تۆپە بەرزەکاندا، زیاتر بێڵینگهام کۆنتڕۆڵ بکەن”.

گۆڕینی پلان

یەکەمجاربوو ریال مەدرید بەم هەموو ناوەڕاستکارە یاری بکات، بە تایبەت لەم وەرزەدا، یەکەمجاربوو ئانچێلۆتی بەم پلانەوە یاری بکات. کارلیتۆ بەشداری بە یاریزانان تۆنی کروس، لوکا مۆدریچ، ئێدوارد کاماڤینگا، فێدێریکۆ ڤالڤێردی و جود بێڵینگهام کرد. هەرچەندە ئەمە وەک هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی هێڵی ناوەڕاست لێکدرایەوە، بەڵام ئانچێلۆتی مەترسییەکانی لە هێڵی پێشەوە کەمکردەوە.

مۆدریچ و کروس

دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید، دەیەوێت کاتی زیاتر بە یاریزانانی لاو لە هێڵی ناوەڕاستدا بگرێت، ئانچێلۆتی قسەی دەستەی کارگێڕی وەرگرت و لە سەرەتای وەرزەوە، مۆدریچ و کروس زۆرترین کاتیان لەسەر کورسی یەدەک بووە، بەڵام لە یاری دێربیدا، بۆ یەکەمجارە بەشداری بە هەردوو یاریزانەکە وەک یاریزانی سەرەکی کرد.

ئانچێلۆتی متمانەیەکی زۆری بە مۆدریچ و کروسە، سەرەڕای گەورەیی تەمەنیان، ئەمەش کاریگەری لەسەر دیدگای یانەکە هەیە، چونکە بەردەوام چاویان لە یاریزانی لاوە.

چوامینی

رۆژنامەی مارکا بە زەقی باسی پشتگوێخستنی ئۆرێلیەن چوامینی لەلایەن کارلۆوە کردووە.

چوامینی ئاستێکی بەرزی لەم وەرزەدا پێشکەش کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش وەک یاریزانی یەدەک بەشداری لە یاری دێربیدا کرد.

بۆ یاری داهاتوو بەرامبەر لاس پاڵماس، ڤینیسیۆس جونیۆر دەگەڕێتەوە، دوای دابڕانی لە چەند یارییەک بە هۆی پێکان، ئەمشەویش بارسێلۆنا لە بەرامبەر ریال مایۆرکا، هەوڵی پارێزگاری کردن لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگا دەدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button