ئیسپانیا

ماتیۆ لاهۆز: بڕیارەکانی ناوبژیوانی دێربی مەدرید راست بوون

یاریگا –

ماتیۆ لاهۆزی ناوبژیوانی خانەنشینکراوی ئیسپانی، شەوی رابردوو بە فەرمی وەک ناوبژیوانی کادینا کوپی دەستی بە شیکردنەوەی وەرزشی کرد و رایگەیاند هەموو بڕیارەکانی ناوبژیوانی دێربی مەدرید راست بوون.

ریال مەدرید شەوی رابردوو لە دێربی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک دۆڕا. لە یارییەکدا کە کێشەی ناوبژیوانی زۆر بوو، بەڵام زۆربەی شارەزایانی ناوبژیوانی رایانگەیاند کە کاری ناوبژیوانی دێربی باش و ئەرێنی بووە و نمرەی بەرز بەدەست دەهێنێت.

بەڵام کەناڵی ریال مەدرید تیڤی بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و ئەمڕۆش بە پەخشکردنی دیمەنە گوماناویەکانی ناوبژیوانی، رەخنەی توندی لە خاڤیێر رۆخاس ناوبژیوانی یارییەکە گرت و تەنانەت بە شایستەی ناوبژیوانی خولی پلە دووی نەزانی.

لاهۆز کە لە کۆتایی وەرزی رابردوودا بڕیاری خانە نشین بوونی دا، شەوی رابردوو بە فەرمی وەک شارەزای تۆپی پێ دەستی بە شیکردنەوەی وەرزشی کرد و باسی لە دیمەنە مشتومڕاوییەکانی دێربی کرد.

سەبارەت بە گۆڵی یەکەمی ئەتلەتیکۆ، کە ریال مەدرید پێیوابوو فاول بووە لەسەر جود بێلینگهام دەڵێت: من لەم دیمەنە یارییەکەم رانەدەگرت، بەڵام رەنگە فاول بووایە، بەڵام کاتێک ناوبژیوان فیکە لێنادات و دوای 25 پاس گۆڵێک تۆمار دەکرێت گۆڵەکە هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە و لەوکاتەدا VAR ناتوانێت دەستێوەردان بکات.

سەبارەت بە رەتکردنەوەی گۆڵەکەی کاماڤینگا گوتی: رودیگەر بە روونی لە ئۆفساید بوو. کاتێک یاریزانێک لە ئۆفسایدە، فاولێک لەسەری ناتوانێت ببێتە لێدانی سزا. هەروەها گۆڵەکە کاتێک تۆمارکرا کە یاریدەدەری ناوبژیوان ئاڵاکەی بەرز کردبوویەوە.

سەبارەت بە فاولە سەختەکەی خیمینێز لەسەر رۆدریگۆ، لاهوز پێیوابوو کارتی زەردەکە بە دروستی دراوە و شایەنی سور نەبووە. لاهوز ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆرترین نمرە بە ناوبژیوان دەبەخشێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button