ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید هێرشێکی توند دەکاتە سەر ناوبژیوانی یاری دێربی مەدرید

Yariga App

یاریگا –

کەناڵی ریال مەدرید، هێرشێکی فراوانی بۆ سەر خاڤیێر رۆخاس، ناوبژیوانی یاری دێربی مەدرید دەستپێکردووە.

کەناڵەکەی لۆس بلانکۆس، ناوبژیوانی سەرەکی و ناوبژیوانی ڤار، بە هۆکاری سەرەکی دۆڕانی یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، دادەنێن.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، کەناڵی RMTV رەخنەی توندی لە ئاستی ناوبژیوان گرت و بە ئەندامێک لە ‘خولی نێگرێیرا’ی وەسف کرد. وەک ئاماژەیەک بۆ سکانداڵی نێگرێیرای بەناوبانگ، کاتێک بارسێلۆنا بە پێدانی پارە بە چەند ناوبژیوانێک تۆمەتبار کرابوو.

کەناڵی ریال مەدرید، باس لە سێ هەڵەی زەقی ناوبژیوان لە یاری دێربیدا دەکات. یەکەمیان رووداوی بەردانەوەی جود بێڵینگهام بوو، کە چەند ساتێک بەر لە گۆڵی یەکەمی ئاتلێتیکۆ مەدرید روویدا. حاڵەتی دووەمیش خۆخشاندنە توندەکەی خۆسێ ماریا خیمینێز بوو، کە تەنیا کارتی زەردی وەرگرت و دوا حاڵەتیش، بەرکەوتنی تۆپ بە دەستی ماریۆ هێرمۆسۆ لە نێو ناوچەی سزا، کە ناوبژیوان هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدا.

کەناڵی ریال مەدرید، چەند شیکەرەوەیەکی بانگهێشتی بەرنامەیەکی تایبەت کردبوو و تیایدا هێرشێکی فراوان کرایە سەر ناوبژیوان

کاتێک زانیمان رۆخاس دەبێتە ناوبژیوان، پێشبینی رووداوەکانمان کرد، بەڕاستی هەڵەی زەق لە بەرامبەر ریال مەدرید دەکەن. رۆخاس یەکێکە لەو ناوبژیوانانەی، کاری راوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیای کوڕی نێگرێیرا دەکات. هەرچەندە کەیسێکی گەندەڵی لە دژی کۆمپانیاکەش کراوەتەوە، کەچی ناوبژیوانان بەردەوامن لە کاری خۆیان.

لە بارەی رووداوەکەی بەرامبەر بێڵینگهام، میوانانی کەناڵەکە دەڵێن

نابێ ئەم توند و تیژییە لە بەرامبەر یاریزانان قبوڵ بکرێت. ناوبژیوانەکە ئەندامی کۆمپانیاکەی نێگرێیرایە. ئەوەی روویدا سکانداڵێکی گەورەیە. بەڵام سەیرە لە رۆژنامەکان باس ناکرێت. تەنانەت ئەو گۆڵەی ریال مەدرید کردی، هیچ نەچوونە ڤار، رودیگەر ئۆفساید نەبوو، چونکە بەشداری لە تۆپەکە نەکرد. ئەمە هەڵەیەکی دیکەی زەقی ناوبژیوانی سەرەکی و ناوبژیوانی ڤار بوو.

ریال مەدرید تووشی یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزە بوو و بە ئەنجامی 3-1 بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا.

ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگا دێت، بە جیاوازی خاڵێک لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ و جیڕۆنای خاوەن پلەی دووەم. ئاتلێتیش بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ، لە پلەی پێنجەمدا دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button