ئه‌وروپا

بایرن میونشن گۆڵبارانی بۆخومی کرد

یاریگا

بایرن میونشن لە گەڕی پێنجەمی بۆندزلیگا میوانداری بۆخومی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 7-0 بردەوە.

یانەکەی هەرێمی باڤاری دوای بردنەوەیان لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ هەروەها یەکسانبونەکەی گەڕی رابردووی خولی نێوخۆیی بەرامبەر بایەر لیڤەرکۆزن، ئەمجارەیان لە ئالیانز ئارێنا میوانداری بۆخومی کرد.

تەنها چوار خولەک بەس بوو بۆ ئەوەی یاریزانانی میونشن خۆیان لە گۆڵی میوانەکەیان بهەژێنن، دوای ئەوەی کینگسلی کۆمان ئاستێکی بۆ چۆپۆ مۆتینگ کرد، ئەو یاریزانەش کامیرۆنیەش بە سەرکەوتوویی ئەرکەکەی جێبەجێ کرد و گۆڵی یەکەمی یارییەکەی کرد.

هەشت خولەک بەسەر گۆڵی یەکەمی میونشن تێپەڕی کرد بوو، ئەمجارەیان هاری کەین توانی بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی بۆخوم بهەژێنێت و یانەکەشی بە دوو گۆڵ پێشخست. یاریزانانی باڤاری بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەکانیان و ئەمجارەیان هەر لە نیوەی یەکەم و لە خولەکی 29 جۆشوا کیمیچ ئاسیستی بۆ دی لیخت کرد و ئەو بەرگریکارە هۆڵەندیەش توانی بۆ جاری سێیەم لە نیوەی یەکەم تۆڕی گۆڵی خاوەن یاریگا بهەژینێت.

لێرۆی سانێ نەیهێشت گێمی یەکەم بەم سێ گۆڵە کۆتایی بێت و ئەو یاریزانەش لە خولەکی 38 توانی گۆڵی یەکەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی بکات.

نیوەی دووەم ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ خاوەن یاریگا گرت و هاری کەین توانی گۆڵی دووەمی خۆی و هەروەها پێنجەمی یانەکەش لە یارییەکە بکات و کۆی گۆڵەکانیشی لەم وەرزە خولی ئەڵمانیا لە پلەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکاران گەیاندە 6 گۆڵ.

لە بەردەوامی یارییەکە و ئەمجارەیان لە خولەکی 81 ماتیس تێل بە ئاسیستی هاری کەین توانی بۆ جاری شەشەم تۆڕی گۆڵی بۆخوم بهەژێنێت. لە کۆتاییدا هاری کەین هاتریکی کرد و توانی گۆڵی حەوتەمی یانەکەی و هەروەها حەوتەم گۆڵیشی لەم وەرزەی خولی ئەلمانیا بکات.

بەم بردنەوەیە بایرن میونشن لە پێشەنگی خولی ئەڵمانیا بووە خاوەنی 13 خاڵ و چوارەم بردنەوەی ئەم وەرزەشی بەدەستهێنا. لە بەرامبەردا بۆخوم تووشی دووەم دۆرانی ئەم وەرزە بوو.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button