یانەیەکی بەلجیکی هازاردی دەوێت
یاریگا –
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئاس، یانەی رۆیاڵ یونیون سانت جیلڤاز ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بە ئیدن هازارد کردووە و چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی دەکات.
ئیدن هازارد تاوەکوو ئێستا بێ یانە ماوەتەوە. ئەو کە گرانترین و بێگومان خراپترین کڕینی مێژووی یانەی ریال مەدریدە، بەم دواییە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید گەیشتە رێککەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دوای چوار وەرزی خراپ و ئێستا بێ یانە ماوەتەوە.
هۆکارەکەی لەبەر نەبوونی ئۆفەر نییە، بەو پێیەی ئۆفەری لەلایەن تیپە جیاوازەکانەوە پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هێرشبەرە بەلجیکییەکە ئامادە نەبوو هیچ ئۆفەرێکیان قبوڵ بکات، چونکە ژیانێکی زۆر ئاسوودە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە مەدرید دەژی.
بەپێی هەواڵێکی ئاس، ئیدن هازارد ئۆفەرێکی فەرمی لە وڵاتەکەیەوە پێشکەش کراوە. خەونی بنەماڵەی هازارد ئەوەیە کە پێکەوە لە یەک شاردا بژین. تورگان هازارد یاریزانی پێشووی یانەی دۆرتمۆند کە ئێستا یاری بۆ یانەی ئەندەرلەخت دەکات کە تیپێکی شاری برۆکسلە. براکەی تری کیلیان هازارد کە ناوبانگێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا، لە ئێستادا یاری بۆ مۆلینبێک دەکات کە تیپێکی تری برۆکسلە. ئەم تیپە لە خولی پلە یەکدایە. لە برۆکسل تیپێکی تر لە خولی پلە یەکدا هەیە ئەویش یونیون سانت جیلڤازە کە پێشتر ئۆفەرێکی زارەکییان پێشکەش بە ئیدەن کردبوو و ئێستا جارێکی دیکە پێداگری دەکەنەوە.
ئیدین هازارد تا ئێستا هیچ ئارەزویەکی نیشان نەداوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە تۆپی پێی بەلجیکاوە بکات، بەڵام ئۆفەرێکی فەرمی لەلایەن سانت جیلڤازەوە لەسەر مێزەکە هەیە و هێشتا کاتی ماوە بۆ ئەوەی قبوڵ بکات. خەونی خێزانی هازارد ئەوەیە لەم وەرزەدا لە برۆکسل یەکبگرنەوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئیدن دەکەن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سانت جیلڤاس دوای 6 یاری لەم وەرزەدا لە پلەی 9ی خولەکەدایە.