
ئەمڕۆ یەکشەممە17/9/2023 کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی یاری نێوان قوەی جەوی و سپهان ئەسفەهانی ئێرانی لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنسلیگی ئاسیا ئەنجامدرا.
ئەیوب ئەدیشۆ ڕاهێنەری یانەی قوەی جەوی و ئیبراهیم بایش کاپتنی یانەکە ئامادەی کۆنگرەکە بوون، لە سەرەتادا ئەدیشۆ گوتی ئامانجمان بە دەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە یاریەکەی بەیانی بۆ ئەوەی پاڵنەربێت بۆ سەرکەوتن لە یارییەکانی داهاتوو، بەداخەوە پێکانی شەریف عەبدولکازم کاریگەری خۆی دەبێت بەڵام هەوڵمانداوە لە ڕێگای یاریزانی ترەوە چارەسەری بکەین، یانەی سپهان لە پلەی یەکەمە لە خولی ئێرانی و ئۆردوگای مەشقیان لە وڵاتی ڕوسیا ئەنجامداوە، ئێمە بەڕێژەیەکی زۆر ئامادەنین چونکە یاریزانە پیشەگەرەکانمان درەنگ پەیوەندیان بە یانەکە کردووە بەڵام هەۆڵمانداوە بە زووترین کات لەگەل تیپەکە بگونجێن، هاندەرانی جەویە لە هەولێر زۆرن هیوادارم بۆ یاریەکەی بەیانی پاڵپشتیەکی باشی تیپەکەبن.
ئیبراهیم بایش کاپتنی یانەی قوەی جەوی گوتی ئامادەکاری ئێمە بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یاریەکەیە، چونکە دەبێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی لە یاریەکانی داهاتووش بۆ سەرکەوتن یاری بکەین.
لە یاریەکەی سبەی یانەی جەویە بە درێسی شین یاری دەکات و یانەی سپهان بە درێسی زەرد یاری دەکات، یاریەکەش کاتژمێر7ـی ئێوارە لە یاریگای فرانسۆهەریری لە شاری هەولێر ئەنجامدەدرێت.