ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

بارسێلۆنا چۆن دەتوانێت ئێرلینگ هالاند بگوازێتەوە؟

یاریگا –

بارسێلۆنا ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ئێرلینگ هالاندی گۆڵکاری یانەی مانچێستەر سیتی.

پێگەی 90 Min بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا دێتە ناو کێبڕکێی بەدەستهێنانی تواناکانی ئێرلینگ هالاندی نەرویجی، بۆ گواستنەوەی ناوبراویش دەیەوێت لە هاوینی 2025 ئۆفەرێک پێشکەش بە مانچێستەر سیتی بکات.

هەرچەندە بەردەوام ناوی هالاند بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی رۆبەرت لێڤاندۆڤسکی پۆڵەندی، بارسا بەدوای شوێنگرەوەیەک دەگەڕێت، هالاندیش ئامانجە سەرەکییەکەیانە.

ئێرلینگ هالاند، لە هاوینی رابردوو بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە گواسترایەوە بۆ مانچێستەر سیتی،  گرێبەستێکی پێنج وەرزەی لەگەڵ بلوو موون واژۆ کرد.

سەرەڕای درێژخایەنی گرێبەستەکەی، بەڵام بەپێی مەرجێکی گرێبەستەکە هالاند دەتوانێت لە هاوینی 2024 بە بڕی 172 ملیۆن پاوەند ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکە جێبهێڵێت.

هەر بەپێی هەمان مەرج، ساڵ دوای ساڵ بڕە پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڤایکینگەکە لەگەڵ سیتیزن کەمتر دەبێتەوە، بەپێی هەمان سەرچاوە لە هاوینی 2025 بڕەکەی کەم دەبێتەوە بۆ 150 ملیۆن پاوەند.

ئەم مەرجەیش وایکردووە یانە گەورەکانی ئەوروپا خۆیان ئامادەبکەن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی هێرشبەرە تەمەن 23 ساڵانییەکە، کە بارسێلۆنا دوایین یانەیە هاتووەتە ناو کێبڕکێیەکە.

لە لایەکی دیکە مانچێستەر سیتی لە هەوڵدایە گرێبەستی ناوبراو نوێبکاتەوە و گۆڕانکاری لەو مەرجدا بکات، بەڵێنی بە یاریزانەکە داوە مووچەکەی بۆ بکات بە بەرزترین مووچە لە پرێمەرلیگ، بەڵام تا ئێستا یاریزانەکە ئامادەیی خۆی بۆ ئەو نوێکردنەوەیە دەرنەبڕیوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button