ئینگلتەراگرنگترین

ساوسگەیت: میدیا وای لە ماگوایەر کرد

یاریگا –

راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گارسێس ساوسگەیت، بەرگری لە هاری ماگوایەر دەکات.

شەوی رابردوو لە یارییەکی دۆستانە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رووبەڕووی هەڵبژاردەی سکۆتلاند بووەوە، یارییەکە بە بردنەوەی ئینگلتەرا بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایی هات.

لە خولەکی 45ـی یارییەکە مارک گوهی بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت، هاری ماگوایەر لە شوێنی ئەو بەشداری یارییەکەی کرد.

بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی بوو بۆ ماگوایەر و راهێنەرکەی ئەوەبوو، کە هەرکاتێک تۆپ بەر قاچی یاریزانەکە دەکەوت هاندەران دەستیاندەکرد بە فیکە لێدان و گاڵتەکردن بە ناوبراو، ئەمەیش دۆخێکی شەرمەزارکەری لە یاریگادا درووستکردبوو.

یارییەکە بەو شێوەیە بەردەوامبوو تا لە ئاکامدا بەرگریکارە تەمەن 30 ساڵانییەکە لە خولەکی 67 تاکە گۆڵەکەی سکۆتلانی بەهەڵە لە خۆیانکرد، ئەمەیش دۆخەکەی لەسەر ناوبراو ئاڵۆزترکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی هاندەرانی سکۆتلاندیش بچنە پاڵ هاندەرانی ئینگلتەرا و گاڵتە بە یاریزانەکە بکەن.

دوای یارییەکە گارسێس ساوسگەیت، بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی گاڵتە بە ماگوایر دەکەن و گوتی:

هەموو ئەمانەی کە روودەدەن بەهۆی ئەو مامەڵە گاڵتەجاڕانییەوەیە کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵیدا دەکرێن، ئەمە بەڕاستی جێگەی شەرمەزارییە، هەرگیز یاریزانێکم نەناسیوە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت.

راهێنەرەکەی ئینگلتەرا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

نەک تەنیا هاندەران، بەڵکو میدیاکان، شرۆڤەکاران و رەخنەگرانیش خەریکی ئەم بەزمەن لەگەڵیدا، ماگوایەر یاریزانێکی گەورەیە و رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە هەڵبژاردە و یانەکەی، بەڵام ئەو فشارە زۆرە گاڵتەجاڕییە یاریزانەکەی خستووەتە دۆخێکی خراپ و ناخۆش

هاوکات ئەمە جاری یەکەم نییە ناوبراو رووبەڕووی دۆخێکی وا دەبێتەوە، لە یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر بە ئارسیناڵ بە هەمانشێوە هاندەران بەشێوەیەکی ناشرین هێرشیاندەکردە سەر یاریزانەکە، دەیان قسەی ناخۆشیان ئاراستەی دەکرد.

هاری ماگوایەر لە هاوینی 2019 بە بڕی 87 ملیۆن یۆرۆ وەک یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان لە لێستەر سیتییەوە گواسترایەوە بۆ مانچێستەر یونایتد.

هەر لە سەرەتاوە ئاستێکی بەرزی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان پێشکەشکرد، یەکێک بوو لە کاریگەرترین یاریزانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیشی، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هێرش و فشاری میدیاکان و سۆشیاڵ میدیا یاریزانەکە رووبەڕووی دۆخێکی دروونی سەخت بووەتەوە و ئاستی بەرەو دابەزین چووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button