بارسێلۆنا گرێبەستی دی یۆنگ نوێدەکاتەوە
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، گرێبەستی فرێنکی دی یۆنگی هۆڵەندی نوێدەکاتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا زۆر نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی فرێنکی دی یۆنگی هۆڵەندی و ناوەڕاستکاری بەتوانای تیپەکەی.
گرێبەستی ناوەڕاستکارە تەمەن 26 ساڵانییەکە لە هاوینی ساڵی 2026 لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەسەردەچێت.
بارسێلۆنا لە هاوینی رابردوو یاریزانەکەی خستە لیستی فرۆشتن تا هەندێک پارەی دەستبکەوێت بە دەربازبوون لە گرفتە داراییەکانی، ئەمەش وایکرد هەرزوو چەند یانەیەکی گەورە ئەوروپا هەوڵی گواستنەوەی بدەن، نزیکترین یانەش مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بوو بە رابەڕایەتی ئێریک تێن هاخی هۆڵەندی.
🔵🔴 | #FCB
💣 El Barça ha iniciado las conversaciones para llegar a un acuerdo de renovación con el neerlandés
👀 La fórmula sería parecida a la de Ter Stegen
✍️ @scapde_45 https://t.co/xKW9kG0GNX
— Diario SPORT (@sport) August 19, 2023
بەڵام خواستی یاریزانەکە مانەوە بوو لە بارسا، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری تیپەکەیش لەگەڵ فرێنکی ئاسودەیە و نایەوێت لەدەستی بدات، ئەمەیش یانەکەی ناچارکردووە گرێبەستی بەهرەمەندە هۆڵەندییەکە نوێبکەنەوە.
دی یۆنگ لە هاوینی 2019 بە بڕی 86 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئەیاکسی هۆڵەندییەوە گواسترایەوە بۆ بارسێلۆنا، بە درێسی یانە کەتەلۆنییەکە بەشداری 184 یاری کردووە، 15 گۆڵی کردووە و 21 گۆڵیشی درووستکردووە.
نازناوێکی لالیگا، یەک نازناوی جامی شای ئیسپانیا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ بارسا بەدەستهێناوە.