ئه‌وروپا

ئیتاڵیا – ئیسپانیا: ئەمشەو دووەم بلیتی فاینەڵ یەکلایی دەکرێتەوە

یاریگا

ئەمشەو کاتژمێر 21:45 بەکاتی هەولێر، هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە قۆناغی پێشکۆتایی نەیشن لیگ واتە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا لە پێناو بەدەستهێنانی دووەم بلیتی یاریی کۆتایی رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

قۆناغی پێشکۆتایی خولەکە لە هۆلەندا دەکرێت، هەرچەندە هەڵبژاردەی میواندار شەوی رابردوو بەرامبەر کڕواتیا دۆڕا و نەگەیشتە یاریی کۆتایی، یارییەکەی ئەمشەویش لە یاریگای De Grolsh Veste لە شاری ئانشخیدێ دەکرێت.

هەردوو هەڵبژاردەی دووەمجارە لەسەر یەک بەشداری قۆناغی پێشکۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا دەکەن و وەشانی رابردووش لە هەمان ئەم قۆناغە رووبەڕووی یەکتری بونەوە

ئەو کات ئیسپانیەکان براوە بوون و لەسەر دەستی ئیتاڵیەکان گەیشتنە یاریی کۆتایی. رۆبێرتۆ مانسینی راهێنەری ئازۆری پێش یارییەکە باس لە رووبەرووبونەوەی لەگەڵ لارۆخا دەکات و دەڵێت

یارییەکان بەرامبەر ئیسپانیا هەمیشە قورسن، چونکە ئەم تیپە پڕە لە یاریزانی خاوەن تایبەتمەندی گەورە. بە ئاسانی دەتوانن هەموو شتێک لە یاریگادا بگۆڕن، لە هەمان کاتدا هەمیشە هەمان سیستەم و هەمان کوالیتی یاریکردن دەپارێزن. ئەمە دووەمجارە دەگەینە قۆناغی پێشکۆتایی و پێموایە کارێکی گەورەیە. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک کوڕی گەنج گەیشتینە ئەم قۆناغە و لە گروپێکی زۆر سەختدا بووین، بۆیە شتێکی باشە کە ئێمە گەیشتوینەتە ئەم ئاستە

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە سێ وەشانی رابردووی لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا ئەمە دووەمجارە دەگاتە قۆناغی پێشکۆتایی، بەڵام پێشتر نەیتوانیوە سەرکەوێت بۆ یاریی کۆتایی.

لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئامادەکاری بۆ یارییەکە کردووە و ئامانجیەتی بۆ دووەمجار لەسەر یەک لەسەر دەستی ئیتاڵیەکان بلیتی یاریی کۆتایی نەیشن لیگ بەدەست بێنێت.

لویس دێلافۆنتی راهێنەرە کاتیەکەی لارۆخا دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی، نەیتوانیوە لە دوو یاریی رابردوو دڵی هاندەران رازی بکات، لەبەر ئەوەی لە یەکێک لە یارییەکانی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 بەرامبەر سکۆتلەندا دۆڕاوە.

ئیسپانیەکان لە قۆناغی کۆمەڵەکانی نەیشن لیگ بە راهێنەرایەتی لویس ئێنریکێ توانیان لە کۆی شەش یاریی کۆمەڵەی یەکەم و ئاستی دووەم سێ یاریی براوە بوون و لە دوو یاریی بەرامبەر بوون و لە یارییەکیش دۆڕان و وەکو پێشەنگی ئاستی دووەم بۆ دووەمجار لەسەر یەک گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی.

راهێنەرەکەی لارۆخا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە ئاماژەی بەوەکرد دەرفەتێکی مێژووییان لەبەردەمە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە و هەموو هەوڵێکی بۆ دەدەن

ئێمە یاری بۆ بردنەوەی ناسناوە دەکەین، ئەوە دەرفەتێکی مێژووییە، ئامادەین ڕووبەڕووی یارییەکی لەم ئاستە ببینەوە، ئێمە توانای ئەوەندەمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی هەر ناسناوێل، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێکی بۆ بدەین

هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکتری هەیە و ئەو دوو هەڵبژاردەیە 14 جار لە یارییە فەرمیەکان رووبەڕووی یەکتری بونەتەوە و لارۆخا خاوەنی 5 بردنەوەیە و ئازۆریش بە هەمان شێوەی لە 5 یاریی براوە بووە و هەردوو هەڵبژاردە لە 4 یاریی بەرامبەربوینە.

براوەی ئەم یارییە لە قۆناغی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کڕواتیا دەبێتەوە و بڕیاریشە یارییەکە رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە یاریگای فێینۆرد لە هۆلەندا لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوەکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button