هالاند: دەزانن بۆچی مانچێستەر سیتی منی گواستووەتەوە؟
یاریگا –
ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری مانچێستەر سیتی چاوی لە سەرکەوتنێکی مێژووییە و هۆکاری گواستنەوەی بۆ مان سیتی ئاشکرا دەکات.
هالاندی تەمەن 22 ساڵان، وەرزێکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەڕێکردووە و لەوەی گواستنەوەی لە بۆڕووسیا دۆرتموند بۆ یانە ئینگلیزییەکە، 36 گۆڵی تەنیا لە پرێمەرلیگ کردووە و یارمەتی تیمەکەی پێپ گواردیۆلایدا، نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت.
یاریزانی نێودەوڵەتی نەرویجی 12 گۆڵی دیکەی لە چامپیۆنزلیگ کردووە و هۆکارێک بوو، بۆ گەیشتنی سیتیزنز بە یاری کۆتایی، کە بڕیارە لە 10ی ئەم مانگە لە یاریگای ئەتاتورک لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت. هالاند لە لێدوانێکیدا بۆ BBC Sport دەڵێت، سیتی بۆ بەدەستهێنانی سێیانە منی گواستووەتەوە
بە دڵنیاییەوە، لەبەر ئەم هۆکارە منیان گواستووەتەوە، بۆ ئەوەی سێیانە بەدەستبهێنن، ناکرێ ئەمە بشاردرێتەوە. هەموو شتێک لە پێناو بەدەستهێنانی سێ نازناوەکە دەکەم. ئەمە خەونێکی گەورەیە بۆ من و هیوادارم ببێتە راستی.
بەر لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، مان سیتی لە وێمبڵی و لە یاری کۆتایی جامی. یەکێتیی ئینگلتەرا رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبێتەوە و هالاند لە بارەی یارییەکەوە دەڵێت
یارییەکەی ئاسان نابێت، پێویستە بە شێوازی خۆمان یاری بکەین. نابێ زۆر بیر بکەینەوە، پێویستە سەرنج لەسەر خۆمان دابنێین و بەو شێوەیە یاری بکەین کە پێویستە.
کاتژمێری 17:00 بە کاتی هەولێر، سیتی و یونایتد لە وێمبڵی یاری دەکەن و تۆڕی وەرزشی یاریگا رووماڵێکی فراوانی یارییەکە دەکات.