ئیتاڵیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

میلان و ریال مەدرید قسە لەبارەی دیاز دەکەن

یاریگا –

ئەیسی میلان بە فەرمی داوای لە ریال مەدرید کردووە، نرخێک بۆ گواستنەوەی براهیم دیاز دابنێت.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، میلان دەیەوێت گرێبەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ دیاز واژۆ بکات، ئەمەش دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی بەرز لەم وەرزەدا.

دیاز بە خواستن یاری بۆ میلان دەکات و تاوەکو ئێستا فلۆرێنتینۆ پێرێز، بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتوو ئەستێرەکە نەداوە.

لە رۆژنامەکەدا هاتووە، پاولۆ ماڵدینی، بەڕێوەبەری وەرزشی میلان، پەیامەکەی گەیاندووەتە مەدرید و ئامادەیی رۆسۆنێری پیشانداوە، بۆ ئەوەی نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ، لە پێناو دیاز خەرج بکات.

لە ریال مەدرید هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ دیاز بکەن، چونکە مانەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی یەکلایی نەبووەتەوە، ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر پێکهاتەی وەرزی داهاتوو مێرێنگی دەبێت.

دیاز لەم وەرزەدا زۆر پێشکەوتووە و بووەتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەکەی ستێفانۆ پیۆلی. پێشتر دیاز رایگەیاندبوو، دڵخۆشە لە میلان و نازاێت لە داهاتوودا چی روودەدات.

دیاز لە ساڵی 2019 بە خواستن پەیوەندی بە میلانەوە کرد و دواتر ماوەی خواستنەکەی بۆ دوو ساڵ درێژکردەوە. لە بڕگەیەکی گرێبەستەکەیدا هاتووە، میلان دەتوانێت بە بڕی 22 ملیۆن یۆرۆ دیاز بگوازێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button