ئینگلتەرا

ساری: ئەو نرخەی ڕیاڵ بۆ هازاردی داناوە زۆر کەمە!

یاریگانێت- شەوی ڕابردوو هەردوو یانەی چێڵسی و وێستهام لە میانی یارییەکانی هەفتەی 33ی خولی ئینگلیزی بەیەک گەشتن و بلووز توانی بە ئەنجامی 2-0 لە میوانەکەی بباتەوە.

هەردوو گۆڵەکەی بلووز لە ڕێگەی ئیدن هازاردەوە تۆمار کرا، کە گۆڵی یەکەمیان پاش بڕینێکی هونەریانەی چەند یاریزانێکی وێستهام هات. دوای یارییەکە ماوریزیۆ ساری پەسنێکی زۆری بەلجیکییەکەی کرد و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هازارد ڕوو دەکاتە ڕیاڵ مەدرید، هەروەها ئەو نرخەشی بە کەم زانی کە ڕیاڵ، وەک دەگوترێت 100 ملیۆن پاوەند، بۆی داناوە: “ئەو نرخە زۆر کەمە. بۆ گواستنەوەکانی ئەم سەردەمە، نرخەکە زۆر کەمە. لە گواستنەوەکانی پێشوودا زۆر نرخی جیاوازمان دەبینی. بە ڕاستی زەحمەتە هازارد بە یاریزانێکیتر بگۆڕیتەوە.”

سەبارەت بە مانەوە یاخود دەستبەرداربوونی ئەستێرەکەشیان، گوتی: “ئەگەر ئەو خۆی بیەوێت ئەزموونێکیتر تاقی بکاتەوە، ئەوا پێموایە زۆر قورسە بتوانین لێرە بیهێڵینەوە. بۆ ئەوەی چۆن بتوانین لێرە بەردەوامبێت، پێویستە ئاستی یانەکە باشتر بکەین، بەڵام ڕێز لە هەر بڕیارێکیشی دەگرم.”

بە گەڕانەوەی زیدان بۆ ڕیاڵ مەدرید و دوورکەوتنەوەی چێڵسی لە نازناوەکان، ناوی هازارد زیاتر بە ڕیاڵەوە دەلکێنرا. لە ئێستادا یانەکەی بە شێوەی کاتیی پلەی سێیەمی پریمەرلیگی گرتووە و جەنگی گەشتنیانە بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

Back to top button