ئیسپانیا

نهێنی یەکەم دەرکەوتنی هازارد لەگەڵ ڕیاڵ بە درێسی ژمارە 50

یاریگا- لە میانی یەکەم یاری دۆستانەی خۆیاندا وەک ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێ، ئێدن هازاردی هێرشبەری نوێی ڕیاڵ مەدرید بە درێسی ژمارە 50 دەرکەوت.

یارییەکەی ڕیاڵ بەرامبەر یانەی بایەرن میونخی ئەڵمانی بوو کە مێرەنگی بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ شکستی خوارد. هۆکاری پۆشینی ئەو ژمارەیە لەلایەن ئەستێرە بەلژیکیەکەوە ئاشکرا بوو کە وەک 50هەمین ساڵیادی یەکەمین گەشتنی مرۆڤ بوو بۆ سەر مانگ.

ئەوەش وەک ڕووداو و سەرکەوتنێکی بێ وێنەی مرۆڤ دادەنرێت لە مێژوودا کە هەردوو کەشتیوانی ئاسمانیی ئەمریکی، نێیڵ ئارمسترۆنگ و بوز ئاڵدرین، لە ساڵی 1969 تۆماریان کرد.

هازارد تا ئێستا بە فەرمیی ڕانەگەیندراوە چی ژمارەیەک دەپۆشێت لە یانە نوێیەکەی، بەوپێیەی پێشتر خودی خۆی داوای ژمارە 10ی کردبوو، بەڵام لوکا مۆدریچی کرواتی کە هەڵگرەکەیەتی، نەخێری بە ڕووی هازارددا کردبوو. هەرچی ژمارە 7ی یانەکەیە، دوای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بەخشرایە ماریانۆ دیاز، کە ئەمەیان چاوەڕێی ڕۆشتنی لێدەکرێت لە یانە شاهانەکە. بۆیە پێدەچێت چارەنووسی ئەو ژمارەیە سەر پشتی سوپەرستارەکەی بەلجیکا بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button