ئەرشیڤ

وتار: بۆچی بایەرن لەم وەرزەدا وەک پێویست دەرنەکەوت؟

نوسینی: ئەحمەد هێرۆیی

یانەی بایەرن دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند وەرزێک توانی بە ئاستێکی بەرز دەربکەوێت و ڕکابەری لەسەر سەرجەم نازناوەکان بکات و توانی کۆمەڵێک نازناو بە دەستبهێنێت،بەڵام ئەم وەرزە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی ڕووی لە دابەزین کرد ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک.

یەکەمیان /هەموو تیپێک دوای ئەوەی ماوەیەک نازناو بەدەست دەهێنێت، بێ گومان پێویستی بە گۆڕانکاری دەبێت لەبەر ئەوەی لە لایەک یاریزانانی تیپەکە هەست بە تێربوون لە نازناوەکان دەکەن و چیتر ئەو ویستەی پێشتریان نامێنێت بۆ دووبارە کردنەوەی شتێک کە پێشتر پێی گەیشتوون،لە لایەکی تر تیپەکانی ڕکابەریان ئامادەکاری باشتر دەکەن بۆ ڕکابەری کردنی ئەو تیپە،بۆیە پێویستە تیپ بەردەوام بە پێی پێویست گۆڕانکاری لە پێکهاتەی یاریزانانی دا بکات و هەندێ یاریزانی نوێ بهێنێتە یانەکەی و دەستبەرداری هەندێکی تریان بێت، بۆ ئەوەی تیپەکە بەردەوام لە نوێ بوونەوە دابێت و بتوانێت پارێزگاری لە ئاستی خۆی بکات،چونکە ئەو کۆمەڵە یاریزانە نوێیەی کە دێن تینوی نازناون لەگەڵ یانە نوێیەکەیان دەیانەوێ سود لە گەوەرەیی مێژووی یانەکە وەربگرن و بوونی خۆشیان وەک ئەستێرەیەکی تۆپی پێ بسەلمێنن،ئەمەش وادەکات تیپەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر لە لوتکەدا بمێنێتەوە، بەڵام کە سەیری یانەی بایەرن بکەین دەبینین ئەم یانەیە ئەمساڵ هیچ یاریزانێکی نوێی نەگواستەوە ڕیزەکانی و ئەستێرەکانی تیپەکەشی تەمەنیان هەڵکشاوەو ناتوانن ڕابەرایەتی تیمەکە بکەن و بە گشتی هیچیان ناتوانن ئەم ئاستەی وەرزەکانی ڕابردوو پێشکەش بکەن،لە کاتی یارییەکاندا کێشەی دابەزینی ئاستیان هەیە بە تایبەتی لە گێمی دووەم دا.

دووەم /کێشەیەکی تری بایەرن کەم ئەزموونی ڕاهێنەر (کۆڤاچ)ە کە نەیتوانیوە پێکهاتەیەکی بەهێز لە یاریزانە لاوەکان و ئەستێرە کۆنەکان دروست بکات،چونکە نەیتوانیوە پەرە بە ئاستی هیچ یاریزانێکی لاو بدات،تاوەکو بتوانێت ڕکابەری لە نێوان یاریزانە کۆنەکان و نوێ یەکانی تیمەکەدا دروست بکات، کە ئەم خاڵە زۆر گرنگە لە هەموو تیپێک دا هەبێت بۆئەوەی یاریزانەکان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پێش خستنی ئاستی خۆیان و ڕکابەریکردن لەسەر پێگەی سەرەکی لە پێکهاتەی ڕاهێنەردا.

سێ یەم/ ڕاهێنەر لە ڕووی تاکتیکیەوە وەک پێویست نەیتوانیوە شێوازی خۆی بچەسپێنێت و هێڵی ناوەڕاستی لە ئاستێکی خراپ دایە ناتوانن ڕێگری لەو هێرشە پێچەوانانەی ڕکابەرەکانیان بکەن،کە زۆربەی کات ئەم خاڵە دەبێتە هۆی ئەوەی گۆڵیان لەسەر تۆمار بکرێت.

چوارەم/هۆکارێکی تر بۆ خراپی بایەرن لەم وەرزە ئەوەبوو لەسەرەتای وەرزکە یانەکە زیاتر جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەوان ئامانجی یەکەمیان خولی یانە پاڵەوانەکانە ئەمەش وایکرد کە یانەکە زیاتر سەرنجی خۆی بخاتە سەر ئەو خولە،ئەمەش وایکرد ئەنجامەکانیان لە ناوخۆدا زۆر خراپ بێت ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یانەکە زیاتر وەک تیپێکی پڕ لە کێشە دەربکەوێت و متمانەی هاندەران لە دەست بدات.

بەڵام یانەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانیش دا نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکەش بکات و لە قۆناغی شازدە ماڵئاوایی کرد،بە مەش ئەوە زیاتر ڕوون بۆوە کە بە ڕاستی یانەکە لە کێشەدایە و پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە،بە تایبەتی لەبەر ئەوەی بایەرن هێمای شکۆی خولی ئەڵمانیە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button