ئیسپانیا

مارسێلۆ: ڕیاڵ ویستی بە خواستن بمنێرێتە دەرەوە، گوتم نەخێر…

یاریگا- مارسێلۆی ئەستێری دیاری ڕیاڵ مەدرید باس لەو ئاڵەنگارییانە دەکات کە سەروەختی پەیوەندی کردنی بە یانەکەوە هاتۆتە ڕێی و دواتر بە متمانە بەخۆبوون توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت.

یاریزانە بەڕازیلیەکە 13 ساڵە بەرگری لە درێسی شاهانە دەکات و لەو ماوەیەدا و بە دیاری کراوی لە وەتەی ساڵی 2008 توانیویەتی ببێتە یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکی و هەرە گرنگەکانی مێرەنگی، ئەگەرچی ساڵی یەکەمی و لە سەردەمی ڕاهێنەرەیاتی فابیۆ کاپیلۆدا هەلی پێویستی پێ نەدەدرا و ئەوەش گومانی خستە سەر تواناکانی بۆ بەردەوامبوون لە قەڵای سپی.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئەستێرە بەڕازیلییەکەی مەدرید گوتی: “هاتنم بۆ ڕیاڵ مەدرید (لە خولی بەڕازیلیەوە) بۆ من هەنگاوێکی گرنگ بوو لە کاروانی وەرزشییم. ئەوە خەونی منداڵییم بوو کە بۆ ڕیاڵ یاری بکەم. پێم وابێت لە ژیاندا هەندێک هەل هەیە نابێت لە دەستی بدەین. کاتێک هاتمە ڕیاڵ، تەمەنم هێشتا 18 ساڵ بوو، یانەکەم ویستی بە خواستن بمنێرنە دەرەوە بۆ یانەکەیتر، بەڵم پێم گوتن نەخێر… چونکە دەمزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان کە هەر دەبمە یاریزانێکی گرنگ لەم یانەیە.”

لەوەتەی پەیوەندی بە یانەکەی پایتەختی ئیسپانیاوە کردووە، مارسێلۆ بەشداریی زیاتر لە 500 یاریی کردووە. توانیویەتی 38 گۆڵ تۆمار بکات و 93 گۆڵیش دروست بکات.  هەر لەگەڵ شاهانەکاندا چەندین نازناوی ناوخۆیی و ئەورووپی و جیهانییش بەدەست بهێنێت کە دیارترینیان بردنەوەی چوار چامپیۆنزلیگە.

بابەتی زیاتر

Back to top button