ئه‌مریکا

گالاکسی ئەمریکی یاریزانێکی یانەکەی دوورخستەوە لەبەر پۆستێکی ژنەکەی لە ئینستاگرام!

یاریگا- یانەی گالاکسی ئەمریکی بڕیاری دا بە دەستبەراربوون لە ئەلیکساندەر کاتای یاریزانی یانەکە لە پای پۆستێکی هاوژینی ناوبراو لە ئینستاگرامەکەیەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا تی کاتای، ژنی ئەلیکساندەر کاتای یاریزانی یانەکە، لە ستۆری ئینستاگرامەکەیەوە دەربڕینی ناڕەوا و توندی نووسیبوو لە دژی خۆپیشاندەرانی ئەمریکا و بە تایبەت ڕەشپێستەکان، کە لە ئێستادا لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا هاتوونەتە سەر شەقامەکان دوای مردنی جۆرج فلۆیدی ئەمریکی ڕەشپێست بە دەستی پۆلیسێکی سپی پێستی ئەمریکی و چەند هاوپیشەیەکی بە شێوازێکی دڵڕەقانە.

ژنی یاریزانە سڕبییەکە بە زمانی سڕبی لە ستۆرییەکەیدا کە هەر زوو ناچار بە سڕینەوەی کرا، هانی پۆلیس دەدات بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران و هەروەها بە “ئاژەڵی قێزەون” ناوی بردوون.

ئەگەرچی خودی یاریزناکە هاتە سەر خەت و بە ناوی خۆی و خێزان و خانەوەدەکەیەوە داوای لێبوردنێکی تێروتەسەلی نووسی و ددانی نا بە هەڵەی هاوسەرەکەیدا و سووربوونی خۆیانی بۆ پشتیوانی یەکسانی و ئیدانەی ڕەگەزپەرستی، بەڵام ئەوە دادی نەدا و سەرەنجام تۆزێک پێش ئێستا گالاکسی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە یاریزانەکەیان لە یانەکەیان جیا کردۆتەوە، بەڵام وەک ئاماژەی پێ دراوە، جیابوونەوەکە دوولایەنە بووە.

کاتای چەند تەنها نیو وەرزە و بە دیاریکراوی لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2019 هاتبووە گالاکسی.

بابەتی زیاتر

Back to top button