پێشهاتی نوێ سەبارەت بە دوورخستنەوەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ
یاریگا –
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا گومان لەسەر چارەنووسی بارسێلۆنا بۆ بەشداریكردنیان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو درووستبوو، بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی ئێنریكێز نێگرێیرا جێگری پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی خولی ئیسپانیا.
بارسێلۆنا رووبەڕووی تۆمەتی داواكاری گشتی ئیسپانیا دەبێتەوە كە پارەیان بە نێگرێیرا داوە لەبەرامبەر كڕینی ناوبژیواناندا.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لیژنەكە مۆڵەتی بەشداریكردن لە چامپیۆنزلیگ دەدات بە بارسێلۆنا، بەهۆی دۆسیەی نێگرێیراوە رێگری لە بەشداریكردنی ناكرێت، چونكە هیچ هۆكار و بەڵگەیەكی روونیان نیە بۆ دوورخستنەوەیان.
هەروەها لە راپۆرتەكەی مۆندۆ هاتووە، لیژنەی لێكۆڵینەوە دەتوانێت دەستوەردان لە بڕیارەكەدا بكات، بەڵام لە ئێستادا هیچ لایەنێك هیچ بەڵگەیەكیان بەرامبەر بارسێلۆنا نیە.
یانە كەتەلۆنییەكە بە كۆكردنەوەی 76 خاڵ لە پلەی یەكەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیا دێت و بە جیاوازی یانزە خاڵ لە پێش ریال مەدریدی دووەمەوە دێت پێش حەوت هەفتە لە كۆتاییهاتنی خولەكە.