یاریگا –
بەرازیل هەوڵ دەدات جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی بکات بە راهێنەری هەڵبژاردەکەی.
پێگەی گۆڵ بڵاویکردووەتەوە، کە یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل چاودێری بارودۆخی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەکات، کە وەرزێک گرێبەستی لەگەڵ گورگەکانی رۆما ماوە.
هەڵبژاردەی بەڕازیل دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2022ـی قەتەر کۆتایی بە گرێبەستەکەی لەگەڵ تیتی هێنا، هێشتا راهێنەری نوێی هەڵنەبژاردووە.
بەرپرسانەی یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکە ئارەزووی کارکردنیان لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی هەیە و تەنانەت لەم ماوەیەدا چەندین جار گەشتیان بۆ ئیسپانیا کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەم راهێنەرە ئیتاڵییە و بەڕێوەبەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید.
بەڵام هێشتا روون نییە کە کارلۆ وەرزی داهاتوو مەدرید دەبێت یان نا، ئەگەر وەک راهێنەری مێرێنگی بەردەوام بێت، ئەوا ئەستەمە بۆ بەڕازیل جێگرەوەیەک بۆ ئەم بژاردەیە بدۆزێتەوە.
ئاستە باشەکەی ریاڵ لە چەند هەفتەی رابردوودا لە جامی شا و چامپیۆنزلیگ چانسی کارلۆی بۆ درێژەدان بە مانەوەی لە ریاڵ زیاد کردووە، ئەمەش وایکردووە یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل جێگرەوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئانچێلۆتی بدۆزێتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە بەرازیل سەرقاڵە بە کارکردن لەسەر مەرجەکانی مۆرینیۆ بۆ ئەوەی بتوانن ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە ڕازی بکەن تا راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیل بکات و هیوادارن بە هۆی بوونی ئەستێرە گەورەکانی وڵاتەکە ئۆفەرەکە قبوول بکات.