یاریگا –
ڤیکتۆر ئۆسیمین جەختدەکاتەوە، بۆ یارییەکانی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ ئامادە دەبێت.
ئۆسیمین لەگەڵ هەڵبژاردەی نایجێریا تووشی پێکان بوو، دەنگۆکان باسیان لە دوورکەوتنەوەی دەکرد بۆ ماوەی سێ هەفتە، بەڵام ئەستێرەکەی ناپۆلی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی TG5 دەڵێت
هیچ شتێکی مەترسیدار نییە، دەمەوێت لە 10-12 رۆژی داهاتوودا، پشوو بدەم و زوو چارەسەر ببمەوە. هیوادارم بۆ یارییەکەی میلان ئامادە بم، هەرچەندە لەگەڵ پزیشکەکان قسەم کردووە و گەشبینم بە ئامادەبوون لەو یارییەدا.
ئۆسیمین باسی لە گەشتی ئەم وەرزەی ناپۆلی کرد و نەیشاردەوە، خەون بە نازناوی گەورەوە دەبینن.
هەموومان دڵخۆشین و باشترین ئاستی خۆمان پێشکەش دەکەین، تاوەکو خەونەکەمان بهێتە دی. لە ئامانجەکەمان نزیکین، زۆر بە پەرۆشین بۆ بەدیهێنانی خەونەکەمان. ناپۆلییەکان هاندەری نائاسایین، زۆر یانەکەیان خۆش دەوێت. هەرگیز بەم شێوەیە خۆشەویستیم پێ نەدراوە، زۆر بە پەرۆشم بۆ بەرزکردنەوەی نازناوەکە و ئاهەنگگێڕان لە شەقامەکانی ئەم شارە.
ئۆسیمین لەم وەرزەدا لە کۆی 29 یاریدا، 25 گۆڵی کردووە و پێنج گۆڵیشی دروستکردووە و لە لایەن یانە گەورەکانی ئەوروپاوە داواکراوە.