یاریگا
ئەمشەو یانەی مانچێستەر یونایتد لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی هەشتەمی پرێمەرلیگ، لە یاریگای خۆی رووبەڕووی رکابەرە دێرینەکەی واتە لیدز یونایتد دەبێتەوە.
ئەمشەو کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر، شەیتانە سوورەکان لە یارییە داخراوەکەی گەڕی هەشتەمی پرێمەرلیگ میوانداری لیدز یونایتد دەکات، شەیتانە سوورەکان بە بردنەوەیان لەم یارییە، دەرفەتی ئەوەیان هەیە بەشێوەیەکی کاتی، ژمارەی خاڵەکانیان لەگەڵ مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی خولەکە یەکسان بکەنەوە. مان یو لەوەتەی ساڵی 2002 لە پرێمەرلیگ هیچ یارییەکانی بەرامبەر رکابەرەکەیان نەدۆڕاندووە، لەو کاتەوە حەوت یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە و یانەکەی شاری مانچێستەر پێنج یارییان بردووەتەوە و لە دوو یاریش بەرامبەربوینە.
پێش یارییەکە ئێریک تێن هاگ راهێنەری هۆڵەندی مانچێستەر یونایتد گووتی، راستە ئەوان ئەم وەرزە لە یاریگای خۆیان ئاست و ئەنجامی باشیان هەبووە، بۆیە دەبێت بەم شێوەیە لە دەرەوەی یاریگای خۆشیان لەسەر ئاست و ئەنجامە باشەکانیان بەردەوام بن.
” ئێمە هەموو ئامانجمان لەسەرەتای وەرزەوە ئەوە بووە لە یاریگای خۆمان جیاواز بین، ئێمە توانیمان ئەو ئامانجەمان بپێکین و ئاستی خۆمان هەڵبسەنگێنین، بەڵام دەبێت بە بە هەمان شێوە لە دەرەوەی یاریگای خۆشمان باشبین. ماک تۆ مینای و ئانتۆنی بەهۆی پێکان بەشداری ئەو یارییە ناکەن. تانەمان لە کارتە سوورەکەی کاسێمیرۆ داوە، بەڵام ئەستەمە تانەکەمان وەربگیرێت، بۆیە ئەو یاریزانەش بەشداری یارییەکە ناکات ”.
مانچێستەر یونایتد پێش ئەم یارییە لە کۆی 21 یاری ئەم وەرزەیان 42 خاڵیان بەدەستهێناوە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێن، بە بردنەوەیان لەم یارییە کۆی خاڵەکانیان بۆ 45 خاڵ بەرزدەکەنەوە و بەشێوەیەکی کاتی ژمارەی خاڵەکانیان لەگەڵ مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی یەکسان دەکەنەوە.