تیتێی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل رەتیدەکاتەوە گابریێل جیسوس بە پێکانەوە بانگهێشتی جامی جیهانی کرابێت و ئەو قسانە بە “درۆی شەیتانانە” ناو دەبات.
ئەمڕۆ راگەیەندرا، هێرشبەرەکەی ئارسناڵ سێ مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە پاش پێککرانی لە شکستەکەیان بەرامبەر کامیرۆن. پاشانیش پڕوپاگندەی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە جیسوس کاتێک بانگهێشتکراوە بۆ جامی جیهانی پێکانی هەبووە.
تیتێ لەوبارەیەوە وتی “پرسیارێکی باشە، نامەوێت گوێم لە درۆ بێت بڵاوببێتەوە و ئەمانە درۆی شەیتانانەن، ئەو کەسانە پڕن لە رق و کینە و دەیانەوێت بڵاوی بکەنەوە ئەگەرنا چۆن یاریزانێک دەخەینە مەترسییەوە و بە پێکانەوە بەشداری پێدەکەین، هەرگیز ئەوە روونادات چونکە ئێمە هەڵبژاردەیەکی بە ئەخلاقین”.
سبەینێ بەڕازیل لە قۆناغی ١٦دا رووبەرووی کۆریای باشوور دەبێتەوە و جگە لە جیسوس هەریەک لە ساندرۆ، تێلێس و دانیلۆ و نێیمار پێکانیان هەیە، بەڵام ئەم دوانەی دواییان گەڕاونەتەوە مەشقەکان و رەنگە بۆ ئەو یارییە ئامادەبن.