
ناسناوی یانەکان و هاندەرانیان بەشێکی گرنگی کلتوری تۆپی پێ و وەرزشن بە گشتی، رۆژانە ئەم ناسناوە بەکاردێن و هەندێکیان مێژووییەکی دێرینیان هەیە.
لە پەراوێزی یەکەم کلاسیکۆی وەرزشدا، باسی ئەوە دەکەین بۆچی بە هاندەرانی ریاڵ مەدرید دەوترێت مێرەنگیس و هاندەرانی بارسێلۆنا کولێس؟
مێژووی هەردوو ناسناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی سەرەتای دروستبوونی ئەو دوو یانەیە، مەدرید لە ١٩٠٢ دامەزرا و هەر لە سەرەتاوە بڕیاردرا بە درێس و شۆرتی سپییەوە یاری بکەن، وە مێرەنگیس جۆرە شیرینییەکی ئیسپانییە کە لە هێلکە و شەکر دروست دەکرا و بە برژاوی و بە کاڵیش دەخورا، رەنگەکەی سپی بوو ئەمەش وایکرد هاندەرانی ریاڵ مەدرید بە مێرەنگیس ناو دەربکەن.
بەڵام بەگوێرەی لویس مایۆری مێژوونوسی ئیسپانی، ئەو ناوە کاتێک بە هاندەرانی مەدریدەوە چەسپا لە ساڵانی ١٩٢٠دا ، ریاڵ یانەیەکی زۆر بەهێز نەبوو بەراورد بە ئەتڵەتیکۆ مەدرید لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لێیان دەبردنەوە، بەو هۆیەوە ریاڵ مەدرید بە مێرەنگی ناوی دەرکرد هاوشێوەی ئەو شیرینییە کە نەرم بوو لە دەرەوە بەڵام لە ناوەوە توند و رەق بوو.
هەرچی کولێرسی بارسێلۆنایە، بەگوێرەی فێرناندۆ ئەریکییای مێژوونوسی وەرزشی، بارسا لە ساڵی ١٩٠٩ لە یاریگایەکدا یاری دەکرد ناوی کالێ ی پیشەسازی بوو. یاریگاکە سەرەتا ١٥٠٠ کەسی دەگرت، دواتریش گەورەکرا بۆ ٦٠٠٠ بەڵام بارسا باشترین یانەی شارەکەی خۆی بوو وە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، بەو هۆیەوە زۆر جار یاریگاکە جێگەی هاندەرانی نەدەگرت و بەشێکیان لەسەر دیوار و هەر شوێنیکی دیکە یاریگایان لێوە دیاربووایە سەیری یارییەکەیان دەکرد، بەهۆی ناوی یاریگاکە کە کالێ بوو، ئەم هاندەرانە بە کولێرس ناسران و تا ئەمڕۆش هەر ئەوە ناسناوی هاندەرانی بارسایە وەک نیشانەیەک بۆ دڵسۆزییان بۆ یانەکە و ئامادەبوون لە هەموو دۆخێکدا.
سەرچاوە: مارکا