یاریگا–
ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نەرویجی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا دەیەوێت هاوینی داهاتوو یانەکەی جێبێڵێت و، پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەڵام گەورەترین کێشەی ئەو یاریزانە، پارەی گواستنەوەکەیەتی کە زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، هەر یانەیەک بیەوێت هاوینی داهاتوو هێرشبەرە لاوەکەی زەردەواڵەکان بگوازێتەوە، ئەوا دەبێت 150 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکات. لە بڕە پارەیە 75 ملیۆن بۆ یانەکەی دەبێت، هەروەها مینۆ رایۆلای بەرێوەبەری کارەکانیشی داوای 40 ملیۆن دەکات و، باوکی یاریزانەکەش داوای 25 ملیۆن دەکات.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە کە لەم چەند رۆژەی رابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە بارسێلۆنا دەیەوێت ئەم یاریزانە بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی یانەکەی هەیەتی، ئەستەمە بتوانن ئەم گواستنەوە ئەنجام بدەن.