لە پشتی سەری دەدات؛ هۆکاری تووڕەبوونی جوود بێڵینگهام لە مارکۆ ڤالێنتین ئاشکرا دەبێت
بەهۆی دوو پاڵنەری تووڕەکردنەوە بووە

یاریگا –
دوا بەدوای لێدانی فیکەی کۆتایی یاریی نێوان ئینگلتەرا و ئەرجەنتین، دیمەنێک بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.
دوای دۆڕانەکە، جوود بێڵینگهام یەک بە یەک تەوقەی لەگەڵ یاریزانانی ئەرجەنتین دەکرد، بەڵام کاتێک گەیشتە ڤالێنتین بارکۆ، لە کۆتاییدا بە پشتی سەریدا کێشا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی کورت لەنێوان هەردوو یاریزانەکەدا. خۆشبەختانە دۆخەکە گەورەتر نەبوو؛ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئینگلتەرا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ یاریزانانی دیکەی ئەرجەنتین نەبوو و تەنیا کاردانەوەی بەرامبەر بەوەی یاریزانەکەی ستراسبۆرگ پێی گوتبوو نیشاندا.
بێلینگهام یارییەکەی بە دڵتەنگی و بێهیوایییەکی زۆرەوە دوای دۆڕانی ئینگلتەرا کۆتایی پێهێنا. تیمەکەی لە زۆربەی کاتەکانی گێمی دووەمدا پێشەنگ بوو، بەڵام لە کۆتاییدا کۆنترۆڵی تۆپیان لەدەستدا و باجەکەیان بە لەدەستدانی کورسییەک لە یاریی کۆتایی مۆندیال دا، ئەمەش وای کرد یاریزانەکە بە تەواوی دڵگران و تووڕە دەرکەوێت.
ئەو بێهیوایی و تووڕەیییە زیاتر بوو بەهۆی دوو پاڵنەری تووڕەکردن لەلایەن بارکۆ، کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی کاردانەوە جەستەیییەکەی بێڵینگهام.
رووداوی یەکەم رێک دوای ئەوە هات کە ئینزۆ فێرناندێز گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئەرجەنتین کرد. بارکۆ لەسەر کورسیی یەدەکەوە هاتە دەرەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی گۆڵەکەوە، بەڵام لەبری ئەوەی لە گۆشەی یاریگادا پەیوەندی بە هاوتیمەکانیەوە بکات، بەرەو رووی یاریزانانی ئینگلتەرا رای کرد و رێک لەبەردەم بێلینگهامدا ئاهەنگی گێڕا، تەنانەت لەبەردەمیاندا بازیشی دەدا لە کاتێکدا تەواوی تیمی ئەرجەنتین لە شوێنێکی دیکەدا سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوون.
‼️ Ojo, este puede ser uno de los motivos del calentón de Jude Bellingham contra Valentín Barco
El Colo corrió desde el banquillo a celebrar EN LA CARA de los jugadores de Inglaterra tras el gol de Enzo Fernándezpic.twitter.com/qRcMCWclAk https://t.co/BWCZc6DV3e
— Madrid Sports (@MadridSports_) July 16, 2026
رووداوی دووەم دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە روویدا. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئاس، کاتێک بێڵینگهام چوو بۆ تەوقەکردن لەگەڵ بارکۆ، یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بە زمانی ئیسپانی قسەیەکی سووکایەتیپێکەری پێ گوت، چونکە پێدەچوو پێی وابێت یاریزانە ئینگلیزییەکە تێی ناگات. بەڵام بێلینگهام بە تەواوی لە قسەکە گەیشت، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و کێشانی لێدانەکە بە پشتی سەریدا.
باس لەوە دەکرێت کە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید دەزانێت کە هەڵەی کردووە بە پەنابردنە بەر لێدانی جەستەیی، بەڵام کارەکەی دوای ئەوە هات کە ئەو بە دوو پاڵنەری تووڕەکردنی ناڕەوا و بێڕێزیی گەورەی دانا، هەروەها لەژێر کاریگەریی بێهیوایییەکی قورسی لەدەستدانی هەلی گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیالدا بوو.



