
یاریگا –
ریال مەدرید داوای لە دادوەر کردووە بارسێلۆنا ناچاری رادەستکردنی تەواوی سیستەمی پەیڕەوی خۆی بکات بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ساڵی 2010 تاوەکوو 2018 دەگرێتەوە.
کەیسی نێگرێیرا بەردەوامە لە بەرەوپێشچوون و ریال مەدریدیش دەستەوەستان دانەنیشتووە، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی تاوەکوو کۆتایی بەردەوام بن، وەکوو ئەوەی سەرۆکی یانەکە لە مانگەکانی رابردوودا بە ئاشکرا رایگەیاندووە. پەیوەندیی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا بە تەواوی تێکچووە و وا دەردەکەوێت ناکۆکیی نێوان هەردوو یانەکە چاک نەکرێتەوە.
لەپاڵ ئەو هەنگاوانەی لە رێگەی دەسەڵاتدارانی تۆپی پێوە نراون، بەتایبەتی یوێفا، کە تاکە دەستەیە دەسەڵاتی سزادانی بارسێلۆنای هەبێت، تیمی یاسایی ریال مەدرید بەردەوامە لە بەدواداچوونی بابەتەکە لە رێگەی دادگاکانەوە.
ریال مەدرید داوای لە دادوەر کردووە فەرمان بە بارسێلۆنا بکات تەواوی سیستەمی پەیڕەوی خۆی لە ساڵی 2010 تاوەکوو 2018 پێشکەش بکات، ئەمەش بۆ دیاریکردنی ئەوەی چ چاودێرییەکی دژە گەندەڵی هەبووە و ئایا لە راستیدا جێبەجێ کراون یان نا، وەکوو ئەوەی سەرەتا لەلایەن چاڤی ئێستراداوە بڵاوکرایەوە و لەلایەن رۆژنامەی ئاس پشتڕاستکرایەوە.
🚨CAS NEGREIRA INFO!!
El @realmadrid sosté que la RFEF @rfef i el CTA @CTARFEF presentaven deficiències estructurals que van permetre el funcionament del sistema durant anys. Fins i tot parla d’un model d’avaluació arbitral basat en l’arbitrarietat i el clientelisme, qualificat… pic.twitter.com/aJhiabejD4— Xavi Estrada Fernàndez (@XavierEstradaF1) July 14, 2026
یانەکە هاوكات داوای لە سیڤیل گارد کردووە کە لیستەکان، رێپێدانەکانی پارەدان، رێکارەکانی پەسەندکردنی نێوخۆیی و تۆمارەکانی وردبینی پەیوەندیدار بە کۆمپانیاکانی ترێسێپ، رادامانتۆ و بێست نۆرتن دابین بکات، کە بەگوێرەی بەڵگەنامە پێشکەشکراوەکان، پێشتر داوا کرابوون بەڵام هێشتا نەخرابوونە نێو فایلەکانی کەیسەکەوە.
لە ڤاڵدێبێباس، هەستەکە بەو شێوەیەیە کە هیچ پاشەکشەیەک نابێت. رێگای وەرزشی لە لایەک و رێگای یاسایی لە لایەکەی دیکە بەردەوام دەبن تاوەکوو بڕیاری کۆتایی دەدرێت. ریال مەدرید هاوكات داوای لە یوێفا کردووە بارسێلۆنا لەو نازناوانە بێبەش بکات کە لەو ماوەیەی کەیسی نێگرێیرا دەیگرێتەوە، بەدەستی هێناون.



