ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

باشترین یاریزنە؛ بۆ یەکەمجار دوای لێدوانەکەی، سیمۆنی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی خولیان ئالڤارێز دەکات

"بەتەماین تۆپی پێی خۆمانی لە دەور بنیات بنێین"

Yariga App

یاریگا –

سەرەڕای ئەوەی خولیان ئالڤارێز بە ئاشکرا ئارەزووی خۆی بۆ جێهێشتنی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم هاوینەدا دەربڕیوە، دیێگۆ سیمۆنی راهێنەر ئەوەی روون کردووەتەوە کە یانەکە هێشتا ئەم هێرشبەرە ئەرجەنتینییە وەکوو چەقی پڕۆژەکەی دەبینێت.

سیمۆنی لە کاتی قسەکردنی بۆ ESPN، بە بەهێزترین شێواز ستایشی ئالڤارێزی کرد:

ئەو یاریزانێکی ناوازەیە، باشترین یاریزانە کە لە کاتی گەیشتنییەوە لە ئاتلێتیکۆ هەمانبووبێت. ئەو یاریزانەیە کە ئێمە وەکوو یانە و وەکوو تیم، بەتەماین تۆپی پێی خۆمانی لە دەور بنیات بنێین. ئەمە ئەو شتەیە کە لە کاتی گەیشتنییەوە ئەنجاممان داوە و هێشتا بیرکردنەوەی ئێمەیە.

سیمۆنی پێی وایە ئالڤارێز سەر بە سەرتۆپەکانی تۆپی پێیە و بەربژێرێکی راستەقینەیە بۆ گەورەترین خەڵاتە تاکەکەسییەکان. دیێگۆ دەڵێت: “بێگومان ئەو لەنێوان 5 باشترین یاریزانەکانی جیهاندایە.”

راهێنەرەکەی ئاتلێتیکۆ ئاشکرای کرد کە بەم دواییانە چاوی بە ئالڤارێز کەوتووە لە کاتی ئامادەبوونی لە جامی جیهانیدا بۆ بینینی کوڕەکەی، گویلیانۆ سیمۆنی و گوتی:

ئەمڕۆ بەڕێکەوت پێی گەشتم. گفتوگۆمان دەربارەی پاژنەی پێی و گرنگیی ئەو بۆ تیمەکە کرد. ئەو پێی گوتم کە ئێستا هەست بە باشییەکی زۆر دەکات و گەڕاوەتەوە بۆ 100%ـی توانای جەستەیی خۆی.

سیمۆنی ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرچەندە ئالڤارێز لە یەکێک لە یارییەکانی ئەرجەنتیندا لەوپەڕی ئامادەییدا نەبوو، بەڵام زۆر نزیکتر لە ئاستی ئاسایی خۆی دەردەکەوت.

دیێگۆ سیمۆنی

بەدەر لە ئاستی، سیمۆنی تیشکی خستەسەر پیشەگەریی ئەم هێرشبەرە و گوتی:

ئەو وەکوو مرۆڤێک بەشێوەیەکی نایاب هەڵسوکەوتی کردووە. هەمیشە بە باشترین شێواز بۆ بەرژەوەندیی تیمەکە کاری کردووە. ئەو ئامادەیییەکی هێرشبەریی بە تیمەکە بەخشی کە دۆزینەوەی لە یاریزانێکی دیکەدا زۆر قورسە.

بەگوتەی سیمۆنی، ئالڤارێز هاوبەشییەکی نایابی لەگەڵ ئانتوان گریزمان پێکهێنا و هەمەجۆریی خۆی نیشانداوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ رۆڵە هێرشبەرییە جیاوازەکاندا، رێک بەو شێوەیەی کە لەگەڵ لیۆنێل مێسی لە ئەرجەنتیندا دەیکات.

کاتێک راستەوخۆ پرسیاری لێکرا دەربارەی داهاتووی ئالڤارێز لەنێوان لێکدانەوە بەردەوامەکانی گواستنەوەدا، سیمۆنی بڕیاریدا پەرە بە دەنگۆکان نەدات و گوتی:

داهاتووی ئەو لەسەرووی هەموو شتێکەوە، یارییەکەی سبەینێیە. باشترین شت ئەوەیە سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت و بیر لەو هەموو ئەو شتانە نەکاتەوە کە دەگوترێن، تاوەکوو سەرلێشێواوی دروست نەکات. شتەکان چارەسەر دەبن، وەکوو چۆن هەمیشە لە ژیاندا دەبن.

لە کاتێکدا لێدوانەکانی سیمۆنی جەخت لەسەر ئارەزووی ئاتلێتیکۆ دەکەنەوە بۆ هێشتنەوەی ئالڤارێز و کردنی بە خاڵی سەرەکیی تیمەکە، بەڵام ئەوە پشتڕاست ناکەنەوە ئایا ویستی هێرشبەرەکە بۆ جێهێشتنی یانەکە گۆڕاوە یان نا. چاوەڕوان دەکرێت داهاتووی ئەو وەکوو یەکێک لە چیرۆکە سەرەکییەکانی مێرکاتۆی هاوینە بمێنێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button