مێرکاتۆی مانچێستەر یونایتد؛ بە دوای چ پێگەیەک دەگەڕێن، بەربژێرەکان کێن و کام یاریزانانە دەڕۆن؟
دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی مانچێستەر یونایتد

یاریگا – ئاتلێتیک
مانوێل ئوگارتی دوای ئەوەی رۆژی هەینی لە شکستی 1-0ـی ئۆرۆگوای لە بەرامبەر ئیسپانیادا تووشی پێکان لە بەستەری ئەژنۆیدا بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە.
یونایتد ئامادە بوو لەم هاوینەدا وەکوو بەشێک لە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی هێڵی ناوەڕاستی گوێ لە ئۆفەرەکان بۆ ئەم یاریزانە 25 ساڵانە بگرێت، بەڵام ئێستا پێدەچێت ئۆگارتی ناچار بێت دوای داخرانی بازاڕی گواستنەوەش بمێنێتەوە.
ئاندرێ ئۆنانا نزیک بووەوە لە گواستنەوەی بۆ ترابزۆنسپۆر بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک، ئەمەش دوای ئەوەی هاوینی رابردوو 33 یاری بۆ ئەو یانەیەی خولی سوپەری تورکی کردبوو. هیچ بژاردەیەکی کڕینەوە ناخرێتە نێو گرێبەستەکەوە و ترابزۆنسپۆر بەشێک لە مووچەکەی ئۆنانا دەگرێتە ئەستۆ، ئەگەرچی هەمووی نییە.
ئەم یاریزانە نێودەوڵەتییەی کامیرۆن دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی لە ئۆڵد ترافۆرد ماوە و چاوەڕوان نەدەکرا ببێتە بەشێک لە پلانەکانی مایکڵ کاریک بۆ وەرزی داهاتوو.

کریستیان ئۆرۆزکۆ بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی گەشتی مانچێستەری کردووە پێش گواستنەوەی لە یانەی فۆرتالێزاوە. ئەم یاریزانە 17 ساڵانە نێودەوڵەتییەی لاوانی کۆڵۆمبیا، دوای رۆژی لەدایکبوونی لە مانگی داهاتوودا کاتێک دەبێتە 18 ساڵ، بە فەرمی دەبێتە یاریزانی یونایتد.
کاریک چەندێک لە گواستنەوەکاندا بەشدارە؟
تەنانەت کاتێک تاوەکوو کۆتایی وەرز سەرپەرشتی تیمەکەی دەکرد، کاریک بەشداربوو لە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە هێنانی یاریزانان لەم هاوینەدا. بۆچوونی ئەو لەسەر ئامانجەکان کاریگەری هەیە و هیچ گرێبەستێک لە ئۆڵد ترافۆرد بەبێ رەزامەندی راهێنەر ناکرێت.
بەڵام سەردەمی ئەوەش کە راهێنەرێک کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی هەبێت لەسەر دەستنیشانکردن و راوەدوونانی یاریزانان کۆتایی هاتووە.
جەیسن ویڵکۆکس وەکوو بەڕێوەبەری وەرزشی، بەرپرسیارییەتی کۆتایی لەسەر هاتن و رۆشتنی یاریزانان لەئەستۆ دەگرێت، لە کاتێکدا دەستنیشانکردنی ئامانجەکان لەلایەن کریستۆفەر ڤیڤێل، بەڕێوەبەری گرێبەستەکان و تیمی سکاوتینگەکەیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەدوای چ پێگە و یاریزانانێکدا دەگەڕێن؟
فێلیکس مێچا لەنێو ئەو ناوانەدایە کە یونایتد بۆ هێڵی ناوەڕاست لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی پرسیاریان لەسەر بەردەستبوونی لەم هاوینەدا کردووە. ئەم یاریزانە 25 ساڵانەی هێڵی ناوەڕاستی بۆروسیا دۆرتموند، یاریزانی پێشووی ئەکادیمیای مانچێستەر سیتییە و لە سەردەمی سەرپەرشتیکردنی ویڵکۆکس بۆ تیمی لاوانی سیتی لەوێ پێگەیشتووە. پێدەچێت مێچا خۆی ئارەزووی گواستنەوەی بۆ پرێمەرلیگ بکات.
یونایتد هێشتا لە گفتوگۆدایە بۆ گواستنەوەی ئامانجی سەرەکیی خۆی لە هێڵی ناوەڕاست کە ئەویش ماتیۆس فێرناندێشە، سەرەڕای رکابەرییەکی بەهێز لەلایەن تۆتنهام هۆتسپێرەوە. چاوەڕوان ناکرێت مەرجە کەسییەکان ببنە کێشە، بەڵام وێستهام تاوەکوو ئێستا لەسەر داواکاری 85 ملیۆن پاوەندییەکەی سوور بووە.
یەکێک لە جێگرەوەکانی فێرناندێش بریتییە لە ئالێکس سکۆت، بەڵام بۆرنمس جەخت دەکاتەوە کە هیچ نیازێکیان بۆ فرۆشتنی ئەم یاریزانە 22 ساڵانە لەم بازاڕەدا نییە و هەوڵ دەدەن سکۆت بە گرێبەستێکی نوێوە ببەستنەوە تاوەکوو ماوەی گرێبەستەکەی بۆ دوای 2028 درێژ بکەنەوە.
ئامانجە دیکەی هێڵی ناوەڕاست بریتین لە ئۆرێلیەن چوامینی یاریزانی ریال مەدرید، لەگەڵ کارلۆس بالێبا و ئادەم وارتن. یونایتد چاوی بەسەر ژمارەیەک یاریزانی دیکەی هێڵی ناوەڕاستی پرێمەرلیگدا خشاندووە، لەوانەش ساندەر بێرگی یاریزانی فولهام.

ئەگەرچی هێڵی ناوەڕاست سەرنجی سەرەکییە، بەڵام پێدەچێت یونایتد لەم هاوینەدا هەوڵی بەهێزکردنی لایەنی چەپی خۆی بدات، بەتایبەت لە باڵی چەپی هێرشبەریدا. کریسێنسیۆ سەمەرڤیڵ یەکێکە لە ئامانجەکان.
بۆ ئێستا، واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ باڵێکی چەپی هێرشبەر زیاتر چاوەڕوانکراوە وەک لە بەرگریکارێکی باڵی چەپی نوێ. یونایتد بەرگری خۆی وەکوو لەپێشینەی کارەکانی لەم بازاڕەدا سەیر ناکات، سەرەڕای ئەوەی لویس هۆڵی یاریزانی نیوکاسڵ یونایتد سەرسامکاری لە ئۆڵد ترافۆرد هەیە.
دەکرێت کام لە یاریزانەکان بڕۆن؟
ئەوەی ئایا یونایتد هەنگاو بۆ باڵێکی چەپی هێرشبەر دەنێت یان نا، بەستراوەتەوە بە مارکوس راشفۆردەوە، کە داهاتووی دوای ماوەی خواستنەکەی لە بارسێلۆنا هێشتا بە نادیاریی ماوەتەوە. دووبارە چوونەوە نێو بازاڕی بارسێلۆنا بۆ راشفۆرد دوور نەخراوەتەوە، هەرچەندە یونایتد ئامادە نییە لەگەڵ خواستنێکی دیکەی درێژخایەن بۆ کامپ نۆو رێک بکەوێت.
ئەم یاریزانە 28 ساڵانە بە 40 ملیۆن پاوەند بەردەستە، هەرچەندە پێدەچێت پێی باشتر بێت دوو ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەی بەڕێ بکات وەک لەوەی پەیوەندی بە تیمێکی دیکەی پرێمەرلیگەوە بکات.
چیدۆ ئۆبی سەرنجی یانەی کۆڵنی راکێشاوە، کە چاودێریی گرێبەستێکی خواستن دەکەن، بەڵام یونایتد هێشتا هیچ پێوەندییەکی راستەوخۆی لەلایەن ئەو تیمەی بۆندسلیگاوە پێ نەگەیشتووە.
لە بەشی گۆڵپارێزیدا، جگە لە ئۆنانا، ئاڵتای بایندیر و رادێک ڤیتێک دەکرێت یانەکە جێبهێڵن لەپێناو گەڕان بەدوای دەرفەتی زیاتری یاریکردن لە تیمی یەکەمدا.
جۆشوا زیرکزی دەکرێت لەم هاوینەدا بڕوات، ئەمەش دەرگا بەرامبەر یونایتد بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی نووکی دیکە وەکوو پاڵپشتێک بۆ بێنیامین شێشکۆ دەکاتەوە.



