مێرکاتۆی مانچێستەر سیتی؛ بە دوای چ پێگەیەک دەگەڕێن، بەربژێرەکان کێن و کام یاریزانانە دەڕۆن؟
دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی مانچێستەر سیتی

یاریگا – ئاتلێتیک
لەنێو مانچێستەر سیتی بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە گرێبەستەکەی ئێلیۆت ئاندێرسندا هاتە ئاراوە، کاتێک لەگەڵ نۆتینگهام فۆرێست لەسەر بڕی 116 ملیۆن پاوەند رێککەوتن کرا. پشکنینی پزیشکیی ئەم یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست بۆ دوای یارییەکەی ئینگلتەرا لە بەرامبەر پەنەما دیارییکرا.
کارێکی زۆریش بۆ کۆتاییهێنان بە دەستنیشانکردنی ئینزۆ مارێسکا وەکوو راهێنەر کرا. هوگۆ ڤیانا، بەڕێوەبەری وەرزشیی تیمەکە بۆ چەند رۆژێک لە لەندەن بوو تاوەکوو کارەکان رایی بکات، پێش ئەوەی رۆژی دووشەممە مارێسکا بە فەرمی دەستبەکار بێت.
ئەمە دەکرێت ببێتە یەکێک لە جەنجاڵترین بازاڕەکانی گواستنەوەی سیتی لە ماوەی چەندین ساڵدا. یانەکە لە 18 مانگی رابردوودا پێکهاتەکەی سەرلەنوێ بنیاد ناوەتەوە، بەڵام هەندێک لەو یاریزانانەی هێنراونەتە تیمەکە، پێدەچێت لەم هاوینەدا بڕۆن؛ ئەمەش واتە سیتی ناچارە جێگرەوەیان بۆ بدۆزێتەوە. پێشبینی دەکرێت ئەگەر بۆ نموونە 10 یاریزان یانەکە جێبهێڵن، سیتی 10 یاریزانی دیکە ناهێنێت، بەڵکوو دەکرێت حەوت یان هەشت یاریزان بگوازێتەوە و یاریزانانی تیمی لاوان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان بەکاربهێنێت.

مارێسکا پێکهاتەیەکی کەمێک گەورەتری لەوە دەوێت کە پێپ گواردیۆلا حەزی دەکرد کاری لەگەڵدا بکات. سیتی پێشتر سێ پێگەی سەرەکیی بۆ بەهێزکردن دیاری کردبوو؛ باڵی راستی بەرگری، یاریزانی هێڵی ناوەڕاست، باڵی هێرشبەر، بەڵام رۆشتنی یاریزانەکان ئەو ژمارانە زیاتر دەکات.
سەبارەت بە گرێبەستە نوێیەکانیش، دەبێت لە هەفتەکانی داهاتوودا پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی ئۆفەرەکانی ڤاردیۆل، جێرێمی دۆکو و فیل فۆدن بگات.
بەدوای چ پێگە و یاریزانانێکدا دەگەڕێن؟
ئەیوب بوعدی یەکێکە لەو یاریزانانەی سیتی چاوی لێیەتی و سەرسامە پێی، لێکدانەوە بۆ ئەوە دەکەن چۆن هەنگاو بەرەو جووڵەیەک بنێن، ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت جووڵە بکەن.
ئەگەر گرێبەستی لەگەڵدا بکەن، سیتی بیری لەوە کردووەتەوە کە ئەم یاریزانە 18 ساڵانە بۆ ماوەی وەرزێک بە خواستن بگەڕێنێتەوە بۆ لیل، بەڵام لە هەمان کاتدا هێشتنەوەی لەنێو پێکهاتەی تیمەکە و چۆنییەتی پێدانی خولەکی یاریپێکردنیان تاوتوێ کردووە. ئەو وەکوو یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی زۆر بەهرەمەند بەڵام خاوەن ئەزموونێکی کەم دەناسرێت، کە توانای یاریکردنی لە پێگەی بەرگریی باڵی راستیش هەیە، بەڵام زۆر شت بەستراوەتەوە بە رۆشتن و هاتنی یاریزانانی دیکەوە. گەلێک یانەی رکابەر هەن کە گرنگیی پێدەدەن، بەڵام ئەو بژاردەیەکە لەلایەن سیتییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی بیر لە بوعدی کراوەتەوە وەکوو بەرگریکاری باڵی راست، ئەوەیە کە گەڕانی سیتی بۆ یاریزانێکی نوێ لەو پێگەیەدا ئاسان نەبووە. ئەوان سەرسامێکی گەورەی مالۆ گوستۆی یاریزانی چێڵسین، بەڵام چێڵسی بە 75 ملیۆن پاوەند نرخەکەی خەمڵاندووە، کە ئەمەش بە نرخێکی یەکجار بەرز دەزانرێت. مەگەر گۆڕانکارییەکی گەورە لەو رووەوە رووبدات، ئەگەرنا سیتی ناچار دەبێت لە شوێنێکی دیکە بگەڕێت، بەڵام بژاردەی زۆر نییە کە سەرنجیان رابکێشێت.
سیتی دەیەوێت یاریزانێکی باڵی هێرشبەریش بهێنێت کە توانای بڕین و دروستکردنی هەلی هەبێت بە پاسەکانی، لەگەڵ یاریزانێکی دیکەی هێڵی ناوەڕاست جگە لە ئاندێرسن. ساندرۆ تۆناڵی جێی بایەخە، بەڵام ئۆفەرێکی لە تۆتنهامەوە بەدەست گەیشتووە، کە ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە کاریگەریی هەیە لەسەر گرنگیدان بە بوعدی.
دەکرێت کام لە یاریزانەکان بڕۆن؟
لیستی ئەو یاریزانانەی پێدەچێت یانەکە جێبهێڵن تاوەکوو رادەیەک گەورەیە. بێرناردۆ سیلڤا و جۆن ستۆنز پێشتر رۆشتوون، چاوەڕوان دەکرێت ناتان ئاکێش بڕوات و ماتیۆ کۆڤاچیچیش ئەگەری رۆشتنی هەیە. جەیمس ترافۆرد چەندین سەرسامکاری هەیە، روبن دیاسیش گرنگیپێدانی لەلایەن ریال مەدریدەوە بەدەست هێناوە و ئەگەری رۆشتنی هەیە، نیکۆ گۆنزالێز و عومەر مەرمووش، کە هەردووکیان لە کانوونی دووەمی 2025 هاتبوون، دەکرێت ئەوانیش بڕۆن، لە کاتێکدا هەندێک گومان لەسەر داهاتووی تیجانی رێندێرس هەیە، هەرچەندە گۆڕینی راهێنەر دەکرێت هاندەر بێت بۆی کە وەرزی داهاتوو خولەکی زیاتری پێبدرێت.
ساڤینیۆ ئەگەرێکی دیکەی رۆشتنە، کە بەمەش ژمارەکە دەگاتە 10 یاریزان، لە کاتێکدا کاڵڤین فلیپس و جاک گریلیش ئەگەر ئۆفەری گونجاویان بۆ بێت بەڕێ دەکرێن، هەرچەندە پێویستیان بە جێگرەوەی راستەوخۆ نابێت. دواتر رۆدری دێت، کە هێشتا گرێبەستە نوێیەکەی ئیمزا نەکراوە و پێدەچێت هەر ئیمزاشی نەکات. بژاردەکانی لەم هاوینەدا تاوەکوو رادەیەک سنووردار دیارن، لە کاتێکدا سیتی دەیەوێت بیهێڵێتەوە، بەڵام ئاگاداری ئەوەن کە رۆشتنی بە تەواوی دوور نییە.



