تەواو؛ لیدز یونایتد گرێبەستێکی گرنگ یەکلایی دەکاتەوە

یاریگا –
لیدز یونایتد گرێبەستی هاری ویڵسن، ئەستێرەی پێشووی فولهام یەکلایی دەکاتەوە.
دەیڤد ئۆرنشتاین، رۆژنامەنووسی تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لیدز یونایتد لەگەڵ هاری ویڵسن گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و یاریزانە وەیڵزییەکە لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ فولهام کۆتاییدێت و بەخۆڕایی پەیوەندی بە لیدز یونایتد دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆرنشتاین، بەمزووانە هاری ویڵسن پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و گرێبەستێکی درێژخایەن لەگەڵ لیدز واژۆ دەکات و مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێت.
لیدز یونایتد لە هاوینی رابردوو هەوڵێکی زۆری بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دا، بەڵام لە کۆتا حەوت کاتژمێری مێرکاتۆ گرێبەستەکە شکستیهێنا و مارکۆ سیلڤای راهێنەری فولهام بەردەوام داوای لە یانەکەی دەکرد پارێزگاری لە هاری بکەن و دەستبەرداری نەبن.
هاری ویڵسن لە وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ بەشداریی 36 یاریی فولهامی کرد، 10 گۆڵی بۆ یانەکەی کرد و حەوت گۆڵی دروستکرد.
🚨 EXCL: Leeds United reach agreement to sign Harry Wilson as free agent. 29yo winger targeted by many clubs amid expiring #FFC contract but #LUFC win race – Wales int’l to do medical in due course & join on long-term deal with higher salary @TheAthleticFC https://t.co/rlHULWbebl
— David Ornstein (@David_Ornstein) June 24, 2026



