پاشای مۆندیال؛ دوایین سەمای لیۆ مێسی بە نووسینەوەی مێژوو دەستیپێکرد
هێنانە خوارەوەی پێلێ لە تەختی پاشایەتی

یاریگا –
مێسیی نەمر؛ هاتریک، لادانی پێلێ لە لووتکە و یەکسانبوونەوە لەگەڵ کلۆزە بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترینی مێژوو.
لیۆ مێسی بێوێنە و شوێنگرەوەی نییە. تەواوی جیهان تەلەفیزیۆنەکانیان داگیرساند بۆ سەیرکردنی یەکەم دەرکەوتنی پاڵەوانی پێشوو، ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2026 کە دوایین مۆندیالی مێسییە، ئەویش بە شاکارێکی دیکە پاداشتی هاندەرانی دایەوە.
هەر چرکەکانی سەرەتای یارییەکە ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە ئەمە دەبێتە یارییەکی مێژوویی بۆ مێسی. بەو چرکەیەی تۆپەکە کەوتە گەڕ، ئەو بوو بە یەکەم یاریزان لە مێژوودا کە لە شەش مۆندیالدا یاری بکات، ئەمەش لە 200ـەمین یاریی خۆیدا لەگەڵ ئەرجەنتین. دەستکەوتێکی باوەڕپێنەکراو بوو، بەڵام هێشتا شتی زۆر زیاتری لە هەگبەدا مابوو.
تەنیا چەند چرکەیەک تێپەڕیبوو کاتێک مێسی تەواوی هاندەرانی یاریگای لەرزاند؛ پاسێکی نایابی لە لاوتارۆ مارتینێزەوە پێگەیشت، بەرگریکارەکەی خۆی لەپشتەوە راگرت تاوەکوو ساتێکی گونجاو و تۆپەکەی خستە نێو تۆڕی جەزائیرەوە، بەڵام دڵخۆشییەکە زۆری نەخایاند، چونکە گۆڵەکە بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.

لەسەر رووخساری مێسی دەبینرا کە دەیەوێت شتێکی تایبەت ئەنجام بدات، زۆریشی نەخایاند بۆ دۆزینەوەی ئەوە. تاوەکوو خولەکی 17 چاودێریی شوێنی وەستانی خۆی دەکرد، کە جادووەکە گەیشت. لیۆ چووە نێو بۆشایی چۆڵی پشت هێڵی ناوەڕاستی جەزائیر، رێک لەو شوێنەی کە خۆی حەز دەکات تێیدا بجوڵێتەوە و رۆدریگۆ دی پۆڵ بە پاسێکی نایاب هێڵەکانی شکاند.
مێسی سووڕایەوە و ئەوەی دیکەی مێژوو بوو. وەکوو هەمیشە، هەمان چیرۆکی کۆن؛ بەرەو پێشەوە رۆیشت، تۆپەکەی خستە سەر پێی چەپی و بەبێ دوودڵی، لێدانێکی خولاوەی ئاراستە کرد کە فڕییە نێو گۆشەی بەرزی گۆڵەکەی لوکا زیدان. زیدان دەستی بەر تۆپەکە کەوت بەڵام نەیتوانی رایگرێت.
ئەم گۆڵە رێک 20 ساڵ دوای ئەوە هات کە مێسی یەکەم گۆڵی خۆی لە مۆندیالدا کرد. ئەوەش لە مۆندیالی 2006 لە ئەڵمانیا بوو، رێک لە 16ـی حوزەیراندا و لە بەرامبەر سڕبیا.

بەڵام بەمە کۆتایی نەهات. لە گێمی دووەمدا، ئەفسانەی خۆی گەورەتر کرد. ئەمجارەیان بە یارمەتییەکی بەرچاو لەلایەن لوکا زیدانەوە، کە نەیتوانی لێدانەکەی ماک ئالیستەر کۆنترۆڵ بکات و تۆپەکەی بۆ مێسی بەجێهێشت تاوەکوو گۆڵی دووەمی خۆی تۆمار بکات.
بۆ دانانی خاڵی کۆتایی لەسەر چیرۆکێک کە شایەنی فیلمێک بێت، لیۆ تۆپەکەی لەسەر لێواری ناوچەی سزا کۆنترۆڵ کرد، بۆ خۆی رێکخست و بە شێوازێکی ناوازە کێشای پێیدا، وەکوو هیچ کاتێکی دیکە نا، بەڵام لە هەمان کاتدا وەکوو هەمیشە، تاوەکوو هاتریکەکەی لە تەمەنی 38 ساڵیدا تەواو بکات.

ئەمانە تەنیا گۆڵی ئاسایی نەبوون؛ مێسی بوو بە دووەم یاریزان لە مێژوودا کە لە پێنج مۆندیالی جیاوازدا گۆڵ بکات لەپاڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆدا و لەگەڵ ریکۆردەکەی میرۆسلاڤ کلۆزە وەکوو گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال بە 16 گۆڵ یەکسان بووەوە. بەڵێ، لە تەمەنی 38 ساڵیدا.
بەڵام زۆر لەوە زیاتر بوو؛ لیۆ مێسی پێلێ’ـی لە پێگەی گەورەترین یاریزانی مێژووی مۆندیال لادا. هیچ کەسێک تاوەکوو ئێستا هێندەی ئەو بەشداریی گۆڵی لەم پاڵەوانییەتییەدا نەکردووە، کە بەشداریکردنە لە 24 گۆڵ. تاوەکوو ئەو یارییە مێسی لەگەڵ یاریزانە بەڕازیلییەکە بە 21 بەشداریی گۆڵ یەکسان بوو، ئەگەرچی یاریی زیاتری کردبوو.
ئێستا ئەو بە تەنیا لە لووتکەدا وەستاوە. زمان لە ئاستیدا نایەتەگۆ.



