
یاریگا –
ئانتۆنی گۆردن دوێنێ بووە یاریزانی نوێی بارسێلۆنا، بەڵام ئەگەر بەدەست ئەستێرەکەی ئەڵمانیا بووایە ئامۆژگاریی دەکرد کە بچێتە بایرن میونشن.
دوای چەندین کاتژمێر چاوەڕوانی بەهۆی کاروباری کارگێڕییەوە، گواستنەوەی ئانتۆنی گۆردن بۆ یانەی بارسێلۆنا بۆ پێنج وەرزی داهاتوو، شەوی رابردوو بە فەرمی راگەیەندرا. گەیشتنی ئەم هێرشبەرە ئینگلیزییە لە نیوکاسڵ یونایتدەوە سەرسوڕهێنەر و چاوەڕواننەکراو بوو، بە تایبەتی لە ئەڵمانیا، کە زۆر کەس چاوەڕوانیان دەکرد بایرن میونشن خزمەتەکانی مسۆگەر بکات.
یانە ئەڵمانییەکەش بەدوای گۆردنەوە بوو. لە راستییدا، ئەم هەواڵە دەنگدانەوەیەکی زۆر و تەنانەت تاوەکوو رادەیەک بێهیوایی لە ئەڵمانیا دروست کرد، چونکە خەڵکی دەڵێن قورسە تێبگەیت چۆن بارسێلۆنا کە دەستووداوێنی کێشەی داراییە، دەتوانێت نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکات.
هەندێک کەس، وەکوو یاریزانی پێشووی بایرن میونشن، تۆماس مولەر کە ئێستا لەگەڵ ڤانکۆڤەرە لە خولی ئەمریکی، پێیان وایە گۆردن هەڵبژاردنێکی هەڵەی کردووە بە بڕیاردانی بۆ پۆشینی درێسی بلاوگرانا.

مولەر لە پۆدکاستی Bayern-Insider لەگەڵ کریستیان فالکدا بە سەرسوڕمانێکی ئاشکرا پرسی:
ئەگەر بارسێلۆنا و بایرن میونشن داوات بکەن، چی وای لە گۆردن کردووە بڕیار بدات نەیەتە تیمی ئێمەوە؟ من بوومایە بایرنم هەڵدەبژارد.
پاشان روونی کردەوە کە چاوەڕوانی چی لەم یاریزانەی پێشووی نیوکاسڵ دەکات لەژێر سەرپەرشتیی فلیکدا و گوتی:
من هانزی فلیک زۆر بە باشی دەناسم. یاریکردن لەژێر سەرپەرشتیی ئەو چێژێکی راستەقینەیە، چ وەکوو شێوازی بەڕێوەبردنی تیمەکە و چ وەکوو شێوازی یاریکردنی ئەو. من بینیومە یاریزانە گەنجەکان چەندە لەنێو یاریگادا دڵخۆشن.



