پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەدەرێت؛ بۆچی لیڤەرپوول گرێبەستی لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ نەکرد؟
وردەکاریی رێککەوتنی نهێنیی چێڵسی و ئاڵۆنسۆ ئاشکرا دەبێت

یاریگا –
یانەی چێڵسی بە فەرمی گەورەترین بۆمبی مێژوویی تەقاندەوە و گرێبەستێکی فەرمی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید واژۆ کرد.
ئەم بڕیارە رێک 12 کاتژمێر دوای ئەوە هات کە بلووز حەوتەمین یاریی کۆتایی لەسەریەک لە جامە ناوخۆییەکاندا بەرامبەر مانچێستەر سیتی دۆڕاند.
بۆچی لیڤەرپوول هەوڵی گواستنەوەی ئاڵۆنسۆی نەدا؟
راگەیاندنی ئەم هەواڵە شەپۆلێکی تووڕەیی گەورەی لەنێو هاندەرانی رێدز دروستکردووە کە هیوایان دەخواست ئەستێرە کۆنەکەیان بگەڕێتەوە ئانفیڵد، بەڵام تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی یانەکەوە زانیویەتی، کە لیڤەرپوول پێویستی بە ئاڵۆنسۆ نەبووە، چونکە بەرپرسانی یانەکە هێشتا باوەڕی تەواویان بە ئارنە سڵۆت هەیە کە لە یەکەم وەرزیدا نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە و شێوازی یاریی سڵۆت زیاتر لەگەڵ پێکهاتەکەیاندا دەگونجێت.
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لە پڕۆژە نوێیەکەدا ئەوەیە کە سەرۆکەکانی چێڵسی، دوای چوار ساڵ لە گۆڕینی چوار راهێنەر، بۆ یەکەمجار پۆستی بەڕێوەبەریان بەخشییە ئاڵۆنسۆ نەک تەنیا راهێنەرێکی ئاسایی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راهێنەرە باسیکییەکە لە کاتی دانوستانەکاندا داواکاری زۆری لە بەرپرسانی یانەکە لەندەنییەکە کردووە چونکە نەیویستووە ئەزموونە تاڵەکەی ریال مەدریدی بەسەردا دووبارە ببێتەوە کە تێیدا لە لایەن کارگێڕییەوە پشتگیری نەدەکرا و تەنیا 8 مانگ خۆیگرت. بەم پۆستە نوێیە، ئاڵۆنسۆ دەسەڵاتی یەکلاییکەرەوەی لە کڕین و فرۆشتنی یاریزاناندا دەبێت.
Inside Xabi Alonso’s appointment as Chelsea manager:
▪️ He wants to build a team of ‘mentality monsters’
▪️ Chelsea will make two first-team ready signings this summer
▪️ Front-runner throughout, although Iraola impressed
▪️ Liverpool did not come in for Alonso as they still… pic.twitter.com/7HVOdAf4Pv— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) May 19, 2026
پڕۆژەی دێوەزمەکانی ئەقڵییەت و بازاڕی هاوینە
تۆڕە ئەمەریکییەکە ئەوەشی زانیوە، ئالۆنسۆ لە یەکەم لێدوانیدا بە کارگێڕیی چێڵسی راگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی ئەو دروستکردنی تیپێکە لە دێوەزمەکانی ئەقڵییەت [ئەو دەستەواژەیەی کە پێشتر یۆرگن کلۆپ بەکاریدەهێنا]، ئەمەش بۆ چاککردنی رەفتاری یاریزانە گەنجەکانی چێڵسی کە لەم وەرزانەی دواییدا بەهۆی کارتی سوور و زەردی بێهوودەوە تیپەکەیان وێران کردووە. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، چێڵسی لە بازاڕی هاوینەدا ئامانجیەتی لانیکەم دوو یاریزانی خاوەن ئەزموون و ئاستبەرز بگوازێتەوە کە خاوەن کەسایەتیی سەرکردایەتی بن لەنێو یاریگا.