
یاریگا –
یانەی ئینتەر میلان جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یەکێک لە ئەستێرەکانی لیڤەرپوول دەستپێدەکاتەوە.
دەرەنجامە نەخوازراوەکانی ئەم وەرزەی لیڤەرپوول، خەریکە تەواوی پڕۆژەی داهاتووی یانەکە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێت و دوای تەقینەوەی کێشەکەی محەمەد سەڵاح، ئێستا نۆرەی ئەستێرە گەنجە ئینگلیزەکان هاتووە کە بێزاریی خۆیان لە سیستەمی راهێنەرە هۆڵەندییەکە دەربڕن، ئەمەش رێگەی بۆ یانە گەورەکانی ئەوروپا خۆشکردووە تاوەکوو هێرش بکەنە سەر پێکهاتەی یانەکە.
رۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە، ئینتەر میلان بە جیددی بیر لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کێرتس جۆنز دەکاتەوە و دەیەوێت یاخیبوونی یاریزانەکە بقۆزێتەوە.

جۆنزی 25 ساڵ، سەرەڕای ئەوەی لەم وەرزە لەژێر دەستی سڵۆت زۆرترین خولەکی یاریکردنی بەدەستهێناوە بە بەراورد بە وەرزەکانی پێشوو، بەڵام ئێستا لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە. جۆنز بە ئاشکرا هاتووەتە نێو بەرەی دژ بە راهێنەرە هۆڵەندییەکەیە و بە دانانی ئیمۆجی چەپڵە، ڵایکی پۆستە بەناوبانگەکەی محەمەد سەڵاحی کرد کە تێیدا رەخنەی لە شێوازی یاریکردنی سڵۆت گرتبوو و داوای گەڕانەوەی شێوازەکەی کلۆپی دەکرد.
ئەم ناکۆکییە ناوخۆییە وایکردووە یانەی ئینتەر میلان، پاڵەوانی ئەم وەرزەی سێریا ئەی و جامی ئیتالیا، جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی جۆنز زیندووبکاتەوە. ئینتەر کە لە کانوونی دووەم دەیویست بە شێوازی خواستن جۆنز بباتە ریزەکانی، ئێستا ئامادەیە ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بکات. لیڤەرپوول نرخی ئەم یاریزانەی بە 35 ملیۆن پاوەند دیاریکردووە، سەرەڕای ئەوەی تەنیا یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە بەرامبەردا، لیڤەرپوول چاوی بڕیوەتە سەر دێنزێل دۆمفرێسی بەرگریکاری باڵی راستی ئینتەر، کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی تەنیا 22 ملیۆن پاوەندە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە جۆنز ناچار بوو وەک بەرگریکاری لای راست یاری بکات بەهۆی پێکانە کوشندەکەی کۆنۆر برادلی لە سەرەتای ئەمساڵ.



