ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

چابی ئاڵۆنسۆ ئامادەیە پەیوەندی بە چێڵسی بکات

ئاڵۆنسۆ و ئیراولا بەربژێری سەرەکین

Yariga App

یاریگا –

چێڵسی هەوڵەکانی بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید دەستپێدەکات.

رۆژنامەنووسی تۆڕی ئاتلێتیک، دەیڤد ئۆرنشتاین بڵاویکردووەتەوە، چێڵشی دەیەوێت چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ئیسپانی وەکوو راهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانبکات، چابی ئاڵۆنسۆ ئامادەیە لەگەڵ بلوز گفتوگۆی گرێبەستەکە بکات بەڵام جارێ هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆرنشتاین، چێڵسی بە وردی کار لەسەر دەستنیشانکردنی راهێنەرێک بۆ وەرزی نوێ دەکات، جیا لە ئاڵۆنسۆ، ئاندۆنی ئیراولا، راهێنەری بۆرنمس کە لەکۆتایی ئەم وەرزە یانەکەی جێدەهێڵێت، یەکێکی دیکەیە لە بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ پۆستی راهێنەرایەتی بلوز.

ئاڵۆنسۆی 44 ساڵان لە 12ـی کانونی دووەمی 2026 لە پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید دوورخرایەوە و ئالڤارۆ ئاربێلوا لەشوێنی ئەو دەستبەکار بوو.

ئاڵۆنسۆ دوای نووسینەوەی مێژوو لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن و بەدەستهێنانی بۆندسلیگا بەبێ دۆڕان، گرێبەستێکی بۆ ماوەی سێ وەرز لەگەڵ ریال مەدرید واژۆکرد، بەڵام تەنیا حەوت مانگ لە پۆستەکەی مایەوە و بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ژووری خۆگۆڕین دوورخرایەوە.

چێڵسی لە 23ـی نیسان، لیام رۆسۆنیۆری لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخستەوە کە ئەو راهێنەرە کەمتر لە چوار مانگ بوو شوێنی ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری ئیتاڵی گرتبووەوە و مارێسکا لە مانگی یەک بلوزی جێهێشتبوو.

ئاڵۆنسۆ لە لالیگا 11 یاریی راهێنەری ریال مەدرید بوو 10 بردنەوەی بەدەستهێنابوو، لە کلاسیکۆ 2-1 شکستی بە بارسێلۆنا هێنابوو، بەڵام کاتێک دوورخرایەوە بە جیاوازی چوار خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگ بوو، شکستەکەی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بەرامبەر هانزی فلیک، کۆتا یاریی بوو کە سەرپەرشتی ریال مەدریدی کرد.

لە لایەکی دیکە ئاندۆنی ئیراولا لە مانگی نیسان پشتڕاستیکردەوە لەکۆتایی ئەم وەرزە بۆرنمس جێدەهێڵێت، کە ئەو راهێنەرە ئیسپانییە لە حوزەیرانی 2023 لە رایۆ ڤایێکانۆوە پەیوەندی بە یانە ئینگلیزییەکە کردبوو.

ئێستا چابی ئاڵۆنسۆ بژاردەی یەکەمی بلوزە، ئاڵۆنسۆش ئامادەیە روو لە پرێمەرلیگ بکات، بەڵام ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ئەوا چێڵسی هەوڵی رازیکردنی ئیراولا دەدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button