
یاریگا –
دیێگۆ سیمیۆنی ستایشی بارسێلۆنای کرد دوای بردنەوەی نازناوی لالیگا و بەو تیمەی ناوی بردن کە باشترین تۆپی پێ لە جیهاندا پێشکەش دەکات.
راهێنەرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە کاتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پێش یاریی تیمەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا قسەی کرد، باسی لە ئاستی بارسا لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک کرد و گوتی:
بارسێلۆنا ئەو تیمەیە کە باشترین تۆپی پێ لە جیهاندا دەکات. ئەوان لالیگایان بە یاریکردنێکی زۆر باش بردەوە، رێک وەکوو وەرزی رابردوو و تەنیا شتێک کە لە کاتی سەیرکردنی یارییەکەدا بیریم لێدەکردەوە ئەوە بوو: ‘ئێمە ئەم تیمەمان دووجار دوورخستەوە…خوایە گیان!’
هەروەها سیمۆنی باسی لە ئامانجەکانی ئاتلێتیکۆ بۆ هەفتەکانی کۆتایی وەرز کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکە هێشتا دەیەوێت پلەی سێیەم لە لالیگا بەدەست بهێنێت سەرەڕای خشتەی سەختی یارییەکانی بەردەمیان.

راهێنەرەکە پشتڕاستی کردەوە کە یاریزانانی ئەکادیمیا دەکرێت دەرفەتیان پێبدرێت بەرامبەر ئۆساسۆنا و هەواڵی خۆشی سەبارەت بە خۆسێ ماریا خیمێنێز راگەیاند و روونی کردەوە کە بەرگریکارەکە تەنیا تووشی پێکانێکی سووکی پاژنەی پێ بووە و دەکرێت هێشتا بۆ مۆندیال لەگەڵ ئۆرۆگوای ئامادە بێت.
چۆلۆ نیگەرانی خۆشی سەبارەت بە جەنجاڵی خشتەی یارییەکان و باری جەستەیی یاریزانان پێش مۆندیال دەربڕی، ئاماژەی بە ئەستێرەکانی وەکوو لامین یامال کرد وەکوو نموونەی ئەو یاریزانانەی کە مەترسی ئەوەیان لەسەرە بە ماندوییەتییەکی زۆرەوە بەشداریی پاڵەوانییەتییەکە بکەن.
کاتێک سەبارەت بە داهاتووی کۆکی و ئەگەریی رۆیشتنی ئەنتوان گریزمان پرسیاری لێکرا، سیمیۆنی خۆی لە پێدانی وەڵامی روون بەدوور گرت و گوتی کە بە تێپەڕبوونی کا ژووری خۆگۆڕین بە شێوەیەکی سروشتی بەنێو خولی جیاوازدا گوزەر دەکات.




