ئیسپانیادەنگۆکانی مێرکاتۆگرنگترین

کۆتاییەکی سارد بۆ چیرۆکێکی گەرم؛ کارڤاخال ریال مەدرید جێدەهێڵێت؟

دوای 23 ساڵ؛ چیرۆکی دانی و مێرێنگی بە کوێ دەگات؟

Yariga App

یاریگا –

دانی کارڤاخال، ئەو یاریزانەی وەکوو کوڕێکی 10 ساڵان لە ساڵی 2002 چووە ناو ئەکادیمیای ریال مەدرید و بەردی بناخەی شارۆچکەی وەرزشیی ڤاڵدیبێباسـی دانا، ئێستا لە لێواری ماڵئاواییکردندایە.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، دوای 23 ساڵ لە پەیوەندییەکی پڕ لە نازناو لەگەڵ ریال مەدرید، وا دیارە هاوینی 2026 دەبێتە وێستگەی کۆتایی بەرگریکارە ئەفسانەییەکە.

کێشەکانی کارڤاخال لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە یانەکە هاوینی رابردوو ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵدی لە لیڤەرپوولەوە گواستەوە. ئەم هەنگاوە پەیامێکی روون بوو بۆ کارڤاخال کە کاتی جێگرتنەوەی هاتووە. جگە لەوەش، پێکانە درێژخایەنەکانی ئەژنۆی وایان کردووە کە نەتوانێت وەکوو جاران کێبڕکێ بکات.

دانی کارڤاخاڵ لەگەڵ ئالڤارۆ ئاربێلوا

تۆڕە ئەمەریکییەکە، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نێو ریال مەدرید زانیویەتی کارڤاخال لە مەشقەکاندا توانای جارانی نەماوە و ناتوانێت رووبەڕووی خێرایی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر ببێتەوە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئاربێلۆ و کارڤاخال
لێدوانە توندەکانی ئالڤارۆ ئاربێلۆ، راهێنەری ئێستای ڕیال مەدرید، ئاگری دەنگۆکانی خۆشتر کرد. ئاربێلۆ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان دەربارەی کەمیاریکردنی کارڤاخال و کاریگەری لەسەر بانگهێشتنکردنی بۆ مۆندیال، بەم جۆرە وەڵامی دایەوە؛

من بیر لە بەرژەوەندیی تیمەکەم دەکەمەوە، نەوەک یاریزانێکی دیاریکراو.

ئەم ساردووسڕییە مێژوویەکی کۆنی هەیە؛ کارڤاخال ئەو یاریزانە بوو کە کاتی خۆی شوێنی ئاربێلۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا گرت، و ئێستا وا دیارە مێژوو بە شێوەیەکی پێچەوانە خۆی دووبارە دەکاتەوە.

وێستگەی داهاتوو لە کوێیە؟
تاوەکوو ئێستا کارگێڕیی ریال مەدرید هیچ پێشنیازێکی فەرمییان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کاپتنەکەیان نەکردووە. کارڤاخال نایەوێت بچێتە هیچ یانەیەک کە رکابەری راستەوخۆی مێرێنگی بێت، بۆیە بژاردەی خولی سعوودی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشینەی کارەکانیدایە. دانی دەیەوێت بە رێزەوە ماڵئاوایی بکات، بەڵام بێدەنگیی یانەکە و ساردیی راهێنەرەکەی وای کردووە کۆتاییەکی تاڵ چاوەڕێی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button