هیچ یاریزانێک دەرفەتی یاریکردن بۆ مەدرید رەت ناکاتەوە؛ گواردیۆلا لە قسەکانی رۆدری تێدەگات
هەر یاریزانێک دڵخۆش نییە با بڕوات

یاریگا –
پێپ گواردیۆلا ئاماژەی بەوە کرد کە هەر یاریزانێک دڵخۆش نییە لە مانچێستەر سیتی دەتوانێت بڕوات.
گواردیۆلا لەبارەی گەشەکردنی دەنگۆکان سەبارەت بە رۆیشتنی رۆدری قسەی، دوای ئەوەی یاریزانەکە لە پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید کرد. ناوەڕاستکارەکە کە یاریی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە، گوتی دەرفەتی پەیوەندیکردن بە یانە گەورەکان رەتکردنەوەی قورسە.
رۆدریی تەمەن 29 ساڵ لەو کاتەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە لە ساڵی 2019 یاریزانێکی زۆر گرنگ بووە. ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە 293 یاریی کردووە و رۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنی یانەکە لە ئینگلتەرا و ئەوروپا بینیوە.
لە کاتی قسەکردن بۆ میدیا ئیسپانییەکان، رۆدری دانی بەوەدانا کە پەیوەندیکردن بە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان زۆر سەرنجڕاکێشە و ناتوانیت باشترین یانەکان رەت بکەیتەوە، وەکوو ئاماژەیەک بۆ ریال مەدرید. لێدوانەکانی ئەو مشتومڕی سەبارەت بە گواستنەوەی زیاتر کرد، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
ناتوانیت باشترین یانەی جیهان رەتبکەیتەوە؛ رۆدری دەرگا بە رووی ریال مەدرید دەکاتەوە
کاتێک سەبارەت بەو لێدوانانە پرسیار لە پێپ گواردیۆلای راهێنەر و هاونیشتیمانی رۆدری کرا کە ئایا وەکوو چێڵسی کە سزای ئێنزۆ فێرناندێزیاندا، ئەوانیش سزای یاریزانەکە دەدەن، راشکاوانە وەڵامی دایەوە و گوتی:
ئەوەی چێڵسی کردوویەتی پەیوەندی بە چێڵسییەوە هەیە، بۆیە هیچ یاریزانێک نییە بێتە خەیاڵم کە دەرفەتی یاریکردن بۆ مەدرید رەت بکاتەوە. بە تەواوی تێدەگەم ئەو لە ئیسپانیا لە دایکبووە، هەمیشە هیوام وایە کە رۆدری بتوانێت تاوەکوو دەکرێت لەم یانەیە بمێنێتەوە، چونکە ئەو یاریزانێکی ناوازە و سوپەرە، بەڵام ژیانی هەمووان بەدەست خۆیانە. دەزانم بۆ چەندەها ساڵ سەلماندوویەتی چەند پەیوەست و نزیکن لەم یانەیە، هەوڵدان لەم یانەیە یەکجار زۆر بووە. ئێستا هەستم بەوە کرد کە لە یەک دوو یاریی رابردوو ئەو بە تەواوی گەڕاوەتەوە دوای ماوەیەکی زۆر زۆر، ئەمەش تەنیا شتە بەلامەوە گرنگ بێت.
هەر لە هەمان کۆنگرەدا رۆژنامەنووسەکە لە پرسیارێکی دیکەدا لێی دەپرسێت کە پێپ هەمێشە دەڵێت و لە رابردووش گوتوویەتی کە رێگە لە هیچ یاریزانێک ناگرێت کە بیەوێت یانەکە جێبهێڵێت، ئایا بۆ رۆدریش هەمان شت دەبێت یان دۆخی ئەو جیاواز دەبێت، گواردیۆلا لە وەڵامدا دەڵێت:
بێگومان بۆ ئەویش هەمان شتە، رێکخستنی یانەکە لە سەرووی هەموومانەوەیە. ئەگەر یاریزانێک دڵخۆش نییە، دەبێت بڕوات، ئێمەش هەمیشە وەکوو خۆی بەردەوام دەبین. پێم وایە رۆدری دڵخۆشە و هیوادارم بتوانێت دڵخۆش بێت، بەڵام ئەگەر دڵخۆش نییە لەدەرگای بەڕێوەبەری وەرزشی بدە و ئۆفەرێک قبووڵ بکە بە گوێرەی کوالێتییە زۆر ناوازەکەی، پاشان ئەو هی یانەکە نییە و تەنیا خودی خۆیەتی.



