لەگەڵ هەڵبژاردەکەی دەدرەوشێتەوە؛ بریکاری کارەکانی گرینگیپێدانی بارسێلۆنا پشتڕاست دەکاتەوە

یاریگا –
فیسنیک ئاسڵانی لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ دەدرەوشێتەوە و بریکاری کارەکانیشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا پشتڕاست دەکاتەوە.
فیسنیک ئاسڵانی، هێشبەری 22 ساڵانی هۆفنهایم لەم چەند مانگەی رابردوودا ناوی بە بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە. ئەیمەن دامانی پشتڕاستی کردەوە کە سەبارەت بە گواستنەوەی یاریزانەکە لە هاویندا پەیوەندیی لەگەڵ یانەکە هەبووە. دوای ئەوەی بە گۆڵێک ئاسڵانی یارمەتی هەڵبژاردەکەیدا لە بردنەوەی 4-3 بەرامبەر سلۆڤاکیا لە پاشکۆی جامی جیهانی، دامانی لەبارەی گفتوگۆکانەوە قسەی کرد و گوتی: “گرنگیپێدانی بارسێلۆنا بە یاریزانەکە ئێستا هەیە و لەلایەن یانە کاتالوونییەکەوە پەیوەندی هەبووە.”
هێرشبەرێک بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک پەیامێک بۆ بارسێلۆنا دەنێرێت
دامانی ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشبەرەکە تەنیا کاتێک هۆفنهایم جێدەهێڵێت کە یانەیەک بڕگەی شکاندنی گرێبەستەکەی چالاک بکات، کە بەگوێرەی هەواڵەکان بڕەکەی لەنێوان 25 بۆ 29 ملیۆن یۆرۆیە.
ئاسڵانی وەرزێکی نایاب لە هۆفنهایم بەڕێدەکات و تاوەکوو هاوینی 2029 گرێبەستی هەیە. لە 28 یاریی سەرجەم پاڵەوانییەتییەکان نۆ گۆڵی کردووە و شەش گۆڵیشی دروست کردووە. بۆ هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆش لە دوایین حەوت یارییدا چوار گۆڵی کردووە. ئەم ئاستەی هێرشبەرە باڵابەرزەکە سەرنجی کۆمەڵێک یانەی ئەوروپی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
بارسێلۆنا بۆ وەرزی داهاتوو بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت. ئەگەرچی ئامانجی سەرەکی یانەکە خولیان ئالڤارێزە، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهیچ شێوەیەک لە رۆیشتنیدا ئاسانکاریی ناکات. فیسنیک ئاسڵان دەکرێت ببێتە جێگرەوەیەکی لاوتر و هەرزانتر، ئەگەرچی هێشتا لە یانەیەکی گەورە تاقی نەکراوەتەوە.



