
یاریگا –
زاخۆ سەرکەوتنی سێیەمی بەدوای یەکی لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەدەستهێنا و ئەیوب ئۆدیشۆش هۆکاری خراپی ئاستی تیپەکە ئاشکرا دەکات.
لە گەڕی 22ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ بە ئاستێکی خراپ و بە ئەنجامی 1 _ 0 لە قاسمی کۆتا ریزبەندی یانەکانی بردەوە، سێیەم سەرکەوتنی زاخۆ بوو بە دوای یەک لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و پێنجەم سەرکەوتنی یانەکە بوو لە سەرجەم پاڵەوانێتیەکان لە ژێر سەرپەرشتی ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەر.
وێڕای سەرکەوتنی لە یاریی قاسم، زاخۆ ئاستێکی خراپی پێشکەشکرد، دەربارەی سەرکەوتنەکە و ئاست خراپی تیپەکەی، ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە گووتی:
پێش یارییەکە دەمانزانی ئەرکمان قورس دەبێت لەم یارییە، چونکە تیپەکە ماوەیەکە لە کەشی خولی ئتستێرەکانی عێڕاق چۆتە دەرەوە، ئەویش بەهۆی ئەو گەشتەی بۆ سعودیە کردمان بۆ یارییەکەی بەرامبەر شەباب لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، تووشی دۆخێکی نەخوازراو بووین و ماندوو بووین تاوەکو گەڕاینەوە، گرینگ سێ خاڵی یارییەکە بوو، پیرۆزبایی لە هاندەران دەکەم و پێویستە لە داهاتوو باشتر بین.
زاخۆ بەم سەرکەوتنە خاڵەکانی گەیاندە 39 خاڵ و لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە.



