
یاریگا –
گرێبەستی ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
سەرەڕای رەخنەکانی سەر یاریزانە بەڕازیلییەکە و پێشکەشکردنی ئاستێکی خراپ لە یارییەکانی ئەم وەرزەدا، یانەکە هێشتا دەیەوێت گرێبەستی جونیۆر نوێبکاتەوە و هەڵوێستی نەگۆڕاوە چونکە لەنێو بەرپرسانی مێرەنگی وەک یاریزانێکی گرنگ بۆ داهاتووی یانەکە سەیردەکرێت.
رووداوەکانی ئەم دواییە و رووبەڕووبوونەوەی فیکەلێدانی هاندەرانی بێرنابیۆ دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد، بەڵام هاوشان لەگەڵ ستافی راهێنەران و هاوتیمەکانی، یانەکەش بە خێرایی پاڵپشتی خۆی بۆ یاریزانەکە دەربڕی.

رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە ئێستا هەنگاوی داهاتوو لای ڤینیسیۆسە، یانەکە ئامادەیی خۆی بۆ نوێکردنەوە پێشانداوە و پێشنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، هیوادارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا درێژکردنەوەی گرێبەستەکە دەست بە هەنگاوەکانی بکات و بەر لە هاوین کۆتایی پێبێت..
رۆژنامەکە دەشڵێت، بەرپرسانی ریال نایانەوێت بەبێ نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی بڕۆنە نێو هاوین چونکە نوێنەکردنەوەی ئەو گرێبەستە زیان بە هەماهەنگی نێو پێکهاتە و پەیوەندییەکانی یانەکە لەگەڵ هاندەران دەگەیەنێت.
ڤینیسیۆس جونیۆر 351 یاریی لەگەڵ لۆس بلانکۆس ئەنجامداوە، 112 گۆڵی کردووە و 91 ئەسیستی دروستکردووە.



