
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر قاسم بە دەستهێنا و راهێنەری تیپەکەش بەشێک لە هۆکارەکەی بۆ گرێبەستە نوێیەکان دەگەڕێنێتەوە.
لە گەڕی 13ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامێکی گەورە و 3 _ 0 لە قاسمی بردەوە، بەم سەرکەوتنە نەورۆز جارێکی دیکە هاوسەنگی بۆ تیپەکە گەڕاندەوە دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر تەڵەبە شکستی هێنا بوو.
لە گواستنەوەی زستانە نەورۆز کۆمەڵێک گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێکی ئاستبەرز واژۆ کرد، وەلی کەریم، راهێنەری تیپەکەش ئەمە بە بەشێک لە ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی دادەنێت.
وەلی کەریم، دوای تەواوبوونی یارییەکە دەربارەی سەرکەوتنەکەیان گووتی:
پیرۆزبایی لە یاریزانان و دەستەی کارگێڕی و هاندەران دەکەم، بەختێکی باشتر بۆ قاسم دەخوازم کە بە بارودۆخێکی سەخت تێپەڕ دەبن، ئێستا تیپەکەمان یاریی دوای یاریی بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێبەستەنوێیەکانی گواستنەوەی زستانە، تیپەکەمان بەباشی ئامادەکردو کارمان لەسەر دەروونی یاریزانەکانیش کرد، ئامانجی ئێستامان ئەوەیە لە ناوچەی دابەزین دووربکەوینەوە.
سوور پۆشەکانی سلێمانی بە 13 خاڵ هاتنە ریزبەندی 15ـەم و تا ڕادەیەک لە ناوچەی مەترسی دوورکەوتنەوە، یاریی داهاتووش لە بەغدا بەرامبەر کەرخ یاریی دەکات، قاسم بە یەک خاڵ لە ریزبەندی 20ـو کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



