
یاریگا –
یانەی نۆتینگهام فۆرست بە فەرمی داوای لە كۆمهڵهی ناوبژیوانانی ئینگلتەرا کردووە رێگەی پێبدەن گوێ لە تۆمارە دەنگییەکانی نێوان ناوبژیوانی ناو یاریگا و ژووری ڤار بگرێت، ئەمەش دوای ئەو شکستە پڕ لە گومانەی کە بەرامبەر مانچێستەر سیتی تووشی بوون.
گۆڵەکەی ریان شەڕقی؛ خاڵی تەقینەوەکە
بەرپرسانی نۆتینگهام و هاندەرانیان بە توندی ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان رۆب جۆنز، کێشە سەرەکییەکە لە گۆڵی دووەمی مانچێستەر سیتییەوە دەستیپێکرد کە لە خولەکی 83 لەلایەن رهیان شەڕقییەوە تۆمارکرا. نۆتینگهام پێیوایە پێش گۆڵەکە فاوڵ بەرامبەر مۆرگان گیبس وایت کراوە و پاڵ نراوە، بەڵام ناوبژیوان و ڤار گۆڵەکەیان هەژمار کرد.
شۆن دایچ: “هەموو جیهان فاوڵەکەی بینی”
شۆن دایچ، راهێنەری نۆتینگهام فۆرست، دوای یارییەکە بە تووڕەییەوە گوتی،
“ئەمە یارییەک بوو کە زۆر ئاسان بوو بۆ ناوبژیوانی کردن، بڕیاری ڤاریش زۆر ئاسان بوو، هەر کەسێک لە یاریگاکە بووبێت یان لە ماڵەوە سەیری یارییەکەی کردبێت، ئەو فاوڵەی بینی، مۆرگان گیبس وایت بە روونی پاڵ نرا و خرایە سەر زەوی.”
دایچ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەبوو ناوبژیوان کارتی زەردی دووەم و کارتی سوور بداتە روبێن دیازی بەرگریکاری سیتی، بەڵام ناوبژیوان چاوی لەو حاڵەتەش پۆشی.
بۆچی نۆتینگهام داوای دەنگی ناوبژیوانان دەکات؟
یانەکە دەیەوێت بزانێت لەو ساتە چارەنووسسازانەدا چ جۆرە گفتوگۆیەک لە نێوان رۆب جۆنز و یاریدەدەرانی ڤاردا روویداوە. ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ پێشکەشکردنی سکاڵایەکی فەرمی،نۆتینگهام پێشتریش کێشەی لەگەڵ ئەم ناوبژیوانەدا هەبووە و پێیان وایە بڕیارەکانی کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی یارییەکە و دۆخی یانەکە لە ریزبەندی پرێمەرلیگدا هەبووە.
رهیان شەڕقی دوای تۆمارکردنی گۆڵەکە بە شێوازی ئێرینگ هالاند ئاهەنگی گێڕا، ئەمەش زیاتر هاندەرانی نۆتینگهامی تووڕە کرد چونکە پێیان وابوو گۆڵەکە بە ناڕەوایی تۆمارکراوە. نۆتینگهام ئێستا تەنیا پێنج خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە و هەر خاڵێک بۆیان نرخێکی زێڕینی هەیە.



