
یاریگا –
ریال مەدرید بەهۆی قەیرانی هێڵی بەرگری مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئانتۆنیۆ رودیگەر، بەرگریکاری ئەڵمانی دروستکردووە.
یەکشەممەی رابردوو 30ـی نۆڤێمبەری 2025 رودیگەر پاش زیاتر لە 100 رۆژ دابڕان بەهۆی پێکان گەڕایەوە و بەرامبەر جیڕۆنا بەشێوەی سەرەکی یاریکرد و ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی پلانەکان سەرەتا بڕیاریبووە رودیگەر بەرامبەر جیڕۆنا تەنیا 10 خولەک یاریی بکات و بەرامبەر بیلباویش تەنیا 20 خولەک یاریی بکات، تیمی پزیشکان ئامۆژگاری ئاڵۆنسۆیان کردووە پەلە لە گەڕانەوەی یاریزانەکە نەکات و هەنگاو بە هەنگاو یاریی پێبکات.
بەڵام بەهۆی قەیرانی هێڵی بەرگری و پێکانی یەک لەدوای یەکی بەرگریکارانی یانەکە، چابی ئاڵۆنسۆ بەناچاری بەرامبەر جیڕۆنا بەشێوەی سەرەکی یاریی بە رودیگەر کردووە، دەیەوێت ئەمشەو بەرامبەر بیلباویش هەمان کار دووبارە بکاتەوە.
یارییەکی باش؛ بەڵام پڕ لە مەترسی
چەند سەرچاوەیەک بە مارکایان راگەیاندووە، رودیگەر یارییەکەی بەبێ کێشە تەواو کرد و لە ژووری جلگۆڕین هەستی ئەرێنی هەبوو، بەڵام هەمووان دەزانن ترسێکی گەورەی هەیە.
رودیگەر ترسی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی وەرزی رابردووە، کاتێک بەهۆی بارودۆخی تایبەتەوە، ناچاربوو بە پێکانەوە بەشداری چەندین یاریی بکات، ئەمەش وایکرد لە دەستپێکی ئەم وەرزە تووشی پێکانێکی سەخت ببێت.
رودیگەر یاریزانێکە جگە لە قوربانیدان، هیچ شتێکی دیکەی بەلاوە گرنگ نییە. بەردەوام زیاتر لە توانای جەستەیی خۆی ئاست پێشکەش دەکات، بەتایبەت لە ساتە هەستیارەکاندا.
ئێستاش یەکێکە لە ساتە هەستیارەکانی ئەم وەرزە بۆ رودیگەر و ریال مەدرید.
متمانەیەکی گەورە
ئاڵۆنسۆ و ستافی راهێنەران، بە متمانەیەکی گەورە سەیری رودیگەر دەکەن.
رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە، ئاڵۆنسۆ زۆر بە تواناکانی رودیگەر سەرسامە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی بەرگریکردن، بەڵکو وەکو کەسایەتییەکی سەرکردە لە ژووری جلگۆڕین سەیر دەکرێت.
هەریەکە لە میلیتاو و رودیگەر، ئاستێکی بەرزییان لە یارییەکەی ئێڵچێ پێشکەشکرد، ئەمەش هیوای بە ئاڵۆنسۆ بەخشیوە.
⚽️ Rüdiger n’a visiblement pas apprécié le petit pont mis par Mbappé. 😂
🎥 @brazaaa7 pic.twitter.com/p8UYuXqVGg
— Le Journal du Real (@lejournaldureal) December 2, 2025



