
یاریگا –
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی دکتۆر عەقیل مفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵێمپیی عێراقی، خستە لیستی سزاکانییەوە و تۆمەتباری کرد بە پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران و تێوەگلان لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، لە بەرامبەردا لیژنەی ئۆڵێمپیی عێراق بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە هەواڵی هەڵبەستراو ناوی برد و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کرد.
بهیاننامهی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، عەقیل مفتن و براکەی، عەلی مفتن، وەک دوو کەسایەتیی سەرەکی ناوبراون کە خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی بانکێکی بازرگانیی عێراقی دەکەن کە پەیوەستە بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
راگەیەندراوەکە چەند تۆمەتێکی گهوره و راستەوخۆ ئاڕاستەی هەردوو براکە دەکات، لەوانە:
- پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران:پەیوەندیی نزیک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی سوپای پاسداران و یارمەتیدانیان لە دروستکردن و گواستنەوەی پارە بۆ میلیشیاکانی عێراق.
- سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی:بەکارهێنانی پێگەی بانکییەکەیان بۆ یارمەتیدانی سپیکردنەوەی داهاتی گەندەڵیی پارتە سیاسییەکان و کارکردنی نزیک لەگەڵ کەسانی تری ناو لیستەکە.
- قاچاخچێتی:تۆمەتبارکردنیان بەوەی کە بۆ دەیان ساڵە، بە دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ ئێران سپیکردووەتەوە و تێوەگلاون لە قاچاخچێتیی نەوت و ماددە هۆشبەرەکان.
- خراپ بەکارهێنانی پۆستی وەرزشی:بە تایبەتی ئاماژە بەوە کراوە کە عەقیل مفتن پۆستەکەی وەک سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراقی بۆ تێوەگلان لە گەندەڵی بەکارهێناوە.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا بە واتای سڕکردنی هەموو سەروەت و سامانێکی دێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و قەدەخەکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵیاندا.
وەڵامی لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق: رەتکردنەوەی تەواو و هەڕەشەی یاسایی
چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق راگەیەندراوێکی فەرمی و توندی بڵاوکردەوە و سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەندێک کەناڵی ئاسمانی و ماڵپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی هەڵە و هەڵبەستراویان بڵاوکردووەتەوە، لە هەوڵێکی ئاشکرادایە بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکان و ناوزڕاندنی ئەو ڕێڕەوە وەرزشی و داراییەی کە لیژنەکە گرتوویەتیەبەر.
لیژنەکە دووپاتیکردەوە کە سەرۆکەکەی دوورە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە و ئەم هەواڵانە بە هەڵمەتێکی بەغەرەز ناودەبات کە ئامانجی شێواندنی کاری دامەزراوەیی و شەفافی لیژنەکەیە.
گرنگتر لەوەش، لیژنەی ئۆڵێمپی هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کرد و رایگەیاند، دەستمان کردووە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی هەموو ئەو کەسانەی کە ئەم درۆیانە بڵاودەکەنەوە، هەموو ئەو کەسانەی کە تێوەگلانیان دەسەلمێنرێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
دۆسیەیەک لە نێوان دوو بەرداشدا
ئەم دۆسیەیە ئێستا وەرزشی عێراقی خستووەتە نێوان دوو بەرداشی گەورەوە، لە لایەکەوە، بڕیارێکی فەرمی و قورسی وەزارەتی گەنجینەی زلهێزێکی وەک ئەمریکا کە بە بەڵگە و زانیاریی هەواڵگری پشتی پێ بەستراوە، لە لایەکی تریشەوە، رەتکردنەوەی باڵاترین دەسەڵاتی وەرزشی لە عێراق و بەڵێنی سکاڵای یاسایی دراوه.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم دۆسیەیە لە رۆژانی داهاتوودا کاردانەوەی گەورەتری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێبکەوێتەوە و چارەنووسی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵێمپی و داهاتووی کارگێڕیی وەرزشی عێراق بخاتە بەردەم پرسیارێکی گەورەوە.