
یاریگا –
بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا دوای نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەی، زاخۆ لە دێڕبی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق میوانداری نەورۆز دەکات.
لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، شەممە ( 4ـی ئۆکتۆبەری 2025 ) زاخۆ لە یاریگای خۆی کاتژمێر 8:30ـی شەو رووبەڕووی نەورۆز دەبێتەوە، زاخۆ لە سێ یاریی رابردوودا دوو شکست و سەرکەوتنێکی هەیە و ئامانجیان بەدەست هێنانی یەکەم سێ خاڵە لە یاریگای خۆیان و بەردەم هاندەرانیان.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ دەربارەی گرینگی یارییەکە و ئامادەکاری تیپەکەی بۆ ئەم یارییە گووتی:
یاریی نەورۆز بۆ ئێمە گرینگە، چونکە یەکەم یاریی ئەم وەرزەیە لە نێو یاریگای خۆمان، تیپەکەم لەسەر رێگایەکی راست دەڕوات و باوەڕی تەواوم بە یاریزانەکان هەیە، سێ بۆ چوار یارییمان پێویستە بۆ ئەوەی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان یاریزانەکان دروست بێت، کەمی ماوەی یارییمان لە نێوان قادسیە و نەورۆز کاریگەری هەیە، پاڵپشتی هاندەران بۆ ئێمە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر یاریزانەکان.
زاخۆ سێ خاڵی هەیە لە ریزبەندی 12 دێت و یاریی داهاتووش هەر لە یاریگای خۆی بەرامبەر موسڵ یاریی دەکات پێش ئەوەی 22ـی ئەم مانگە لە بەحرەین لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بەرامبەر سیترە یاریی بکات.