
یاریگا –
فابیۆ، گۆڵپارێزی فلومینێزی بەڕازیلی رێکۆردێکی دێرینی پیتەر شیڵتن، ئەفسانەی ئینگلیزی شکاند.
فابیۆ دوێنێ شەممە لە یاریی بەرامبەر فۆرتازێلا 1390مین یاریی فەرمی کرد و رێکۆردێکی مێژوویی بەناوی خۆی دەکات، کە ئەستەمە بەمزووانە بشکێندرێت.
فابیۆ 28 ساڵە یارییدەکات و ئێستا تەمەنی 44 ساڵە. لە کاروانی وەرزشی خۆیدا یاریی بۆ یانەکانی یونیاو باندێیرانتێ (30 یاریی)، ڤاسکۆ دی گاما (150 یاریی)، کروزێرۆ (976 یاریی) و فلومینێزی (234 یاریی) کردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی یانەی فلومینێزی بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی گڵۆبۆ ئیسپۆرتێی میدیایی، ئێستا فابیۆ خاوەنی ریکۆردی مێژوویی زۆرترین بەشداریی یارییە لەسەر ئاستی پیاوان.
فابیۆ لە دوای شکاندنی رێکۆردەکە بە گڵۆبۆی راگەیاند؛
خودا ئەم دیارییەی پێبەخشیم. دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم کە بەشێکن لە ژیانی من. سوپاسی باوک، دایک، خوشک، هاوژین و هاوڕێکانم دەکەم.
هەوڵدەدەم کەسێکی باش بم. گرنگترین شت یارمەتیدانی هاوتیمەکانمە. زۆر سوپاسیان دەکەم، بەڵام بەبێ خودا ئەوەی بەدەستمهێنا هەرگیز رووی نەدەدا.
ئێستا ژمارەی بەشدارییەکانی فابیۆ لەگەڵ شیڵتن یەکسانن و سێشەممە فلومینێزی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی کۆپا سودائەمێریکانا میوانداری ئەمێریکا دی کالێی کۆڵۆمبی دەکات و لە ئەگەری بەشداریکردنی، دەبێتە خاوەنی زۆرترین بەشداریی لە مێژوودا.